ئاژانسێكی روسی: بۆ مەراسیمی سوێندخواردنی بایدن، واشنتۆن بۆتە هاوشێوەی بەغدا


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا 
ئاژانسێكی هەواڵی روسی رایگەیاندووە، شاری واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا هاوشێوەی بەغدای پایتەختی عیراق، ناوچەی سەوزی دروستكردووە و هەزاران گاردی نیشتیمانی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ روبەرووبونەوەی هەر گرژی و ئاڵۆزییەك لەڕۆژی سوێند خواردنی جۆ بایدن، سەرۆكی نوێی ئەمریكا.

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە رۆژی سوێند خواردنی جۆ بایدن، سەرۆكی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە رۆژی چوارشەممەی 20ی ئەم مانگە، رووداوەكانی ناو واشنتۆنی پایتەخت بەرەو زیاتر ئاڵۆزبوون دەچن و چاوی هەموو میدیا جیهانییەكان لەسەر ئەو وڵاتەن. 

بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هەواڵی (ئار تی نیوس)ی روسی، بەهۆی هۆشدارییەكەی پۆلیسی فیدراڵی ئەمریكا لەسەر پلانی هێرشكردنە سەر كۆشكی سپی لە رۆژی سوێند خواردنی سەرۆكی نوێدا، هاوشێوەی ناوچەی سەوزی بەغدا، ناوچەیەكی تایبەت دروستكراوە بۆ پاراستنی ناوچە گرنگ و ستراتیجییەكانی شاری واشنتۆنی پایتەخت و بە تایبەتیش كۆشكی سپی و بینای كۆنگرێس.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردووە، "بە وتەی زۆرێك لە چاودێران و خەڵكی ئەمریكا، دروستكردنی ئەو ناوچە سەوزە، هاوشێوەی ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەختی عیراق وایە، لە هەردوو بارەكەدا بوونی هێزێكی زۆری ئەمنی دەبینرێت و مەترسی بەردەوامیش لەسەر شوێنە گرنگ و ستراتیجییەكان هەیە، ئەمەش نیشانەیەكە كە ئەمریكا نا سەقامگیرە".

بەپێی زانیارییەكانی میدیا ئەمریكییەكانیش، زیاتر لە 20 هەزار گاردی نیشتیمانی و پۆلیس لەبەردەم كۆشكی سپی و كۆنگرێسی ئەو وڵاتە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، وەك رێگرییەكیش، سەرباری بوونی ئەو هێزە زۆرە، چەندین بەربەستی كۆنكرێتی و ئاسنی و تەلبەند دانراون.

لە پاش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا لە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو و هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەك سەرۆكی نوێ، رۆژی 6ی كانوونی دووەم لە كاتی دەنگدانی ئەندامانی كۆنگرێس بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، لایەنگرانی ترەمپ هێرشیان كردە سەر كۆنگرێس و بۆ ماوەیەك كۆبوونەوەكەیان ڕاگرت، بەڵام لە كۆتاییدا دووبارە كۆبوونەوەكە بەڕێوەچوو بە كۆی دەنگی ئەندامانیش بە فەرمی جۆ بایدن بوو بە سەرۆكی نوێی ئەمریكا. 

ئەم ئامادەكارییە پێشوەختانەش پاش ئەوە دێت، پۆلیسی فیدراڵی FBI هۆشداریدا لە بوونی زانیاری هەواڵگری لەسەر چەندین هێزی چەكدار لە 50 ویلایەت كە خۆیان ئامادە دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر كۆشكی سپی لەو رۆژەدا،  بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هێزەكانی پۆلیس و گاردی نیشتیمانی ئەو وڵاتە كەوتونەتە حاڵەتی ئامادە باشیەوە بە مەبەستی رێگریكردن لە روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو.


PM:04:02:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت