تەندروستی زانیاری نوێ سەبارەت بەچۆڵبوونی ژمارەیەك نەخۆشخانەی كۆرۆنا لەنەخۆش دەدات


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە، بەهۆی كەمبوونەوەی تووشبوانی كۆرۆنا، چەند نەخۆشخانەیەكی تایبەت بەكۆرۆنا نەخۆشیان تێدا نەماون.

د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، نەخۆشخانەكانی تایبەت بەكۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان  ماون، بەڵام بەشێكیان نەخۆشیان تێدا نەماون، لەشاری هەولێر پێنج نەخۆشخانە هەبوون، ئێستا سێ نەخۆشخانە ماونەتەوە، لەشاری سلێمانیش لە پێنج نەخۆشخانە چواریان ماون، لەدهۆكیش لە سێ نەخۆشخانە دوو ماون، لەشاری هەڵەبجەش دوو هەبوون یەكێكیان ماوە.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە 24 كاتژمێری رابردودا 43 توشبووی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون، 977 توشبووش چاكبوونەتەوە و دوو توشبووش گیانیان لەدەستداوە.


PM:02:56:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت