بەشێك لەهاوڵاتیانی جیهان داواكارییان لە بایدن هەیە


وێستگەنیوز- هێڤار هیوا
جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا بۆتە جێگەی هیوای زۆرێك لە وڵاتانی جیهان و لە ئێستاشدا روبەرووی زۆرترین داواكاری بۆتەوە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە، هاوڵاتیانی چەند وڵاتێكیش داواكاری پێشكەش بەو سەرۆكە نوێیەی ئەمریكا دەكەن.

بڕیارە رۆژی چوارشەممە 20ی ئەم مانگە لەمەراسیمێكدا لەواشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا، جۆبایدن، وەك 46یەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەكار بێت، بەڵام لەئێستاوە بەشێكی زۆر لەهاوڵاتیان لەسەر ئاستی جیهان داواكارییان لێی هەیە. 

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، كە تیایدا چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەندین كەسی جیاواز لە سێ وڵات ئەنجامداوە هەریەكەیان لێدوان و داواكاری جیاوازیان لە جۆبایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا هەیە.

یەكەم كەس كە قسەی بۆ ئاژانسی بی بی سی كردووە لە وڵاتی چینە و داواكارە لەئیدارەی نوێی جۆبایدن، كێشە بازرگانییەكان لەگەڵ وڵاتەكەیان نەهێڵن، سەبارەت بە سزا داراییەكانی ئەمریكاش لەسەر كۆمپانیا تەكنۆلۆجیەكانی چین، داواكارە كۆتایی بەو سزایانە بهێندرێت كە بەسەر كۆمپانیای هواویدا سەپێندراون و پەیوەندییەكانیان لەگەل واشنتۆن سەبارەت بە گۆڕانكاریی كەشوهەوا و بابەتی ڤاكسینەكانی تایبەت بە كۆرۆنا زیاتر بكەن.
  
هەرچی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشە، بەشێك لەهاوڵاتیان ئومێدەوارن پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل باشتر بێت و نزیكبوونەوەكەی ئیمارات و ئیسرائیلیش بە هەنگاوێكی گرنگ دەزانن، هاوكات بریاڕەكەی بایدن سەبارەت بە گەرانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی 2015 لەگەڵ ئێراندا و هەوڵدان بۆ سەقامگیربوونی ناوچەكە بە گرنگ دادەنێن. 

سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەكانی یەمەن و سوریاش، زۆرێكیان داواكارن سەرۆكە نوێیەكەی ئەمریكا هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی ئەو جەنگ و برسێتییەی رووی لەو وڵاتانە كردووە و كێشەی ئاوارەكانیش چارەسەر بكات.
 
دەربارەی وڵاتی هیندستانیش، هەندێك لەهاوڵاتیانی ئەو وڵاتە داواكارن ئیدارەی نوێی ئەمریكا هەوڵ بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ چین سەبارەت بە سنوورەكانیان لە چیاكانی هیمالایا و دانانی هێزی هاوپەیمانی، داواكاریشن مافی كاركردنی هەمیشەیی بدرێت بە هاوڵاتیانیان لە ناو خاكی ئەمریكادا و زیاتر هاوكاری مرۆیی پێشكەش بەو وڵاتە بكات. 

پێشتریش بایدن لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو كە بەڵێن دەدات ببێتە سەرۆكێكی دادپەروەر و ئەمریكا یەكبخاتەوە و كار بكات بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و رێز بۆ ئەمریكا بگەڕێنێتەوە.


PM:02:40:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو