نەتەوەیەکگرتووەکان: بەهۆی کۆرۆناوە کۆچی نێودەوڵەتی بە رێژەی لەسەدا 27 کەمیكردووه
فۆتۆ: گێتی
وێستگه نیوز ـ
نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تێکڕای گەشەی کۆچکردن لەنێوان وڵاتان تا ناوەڕاستی ساڵی 2020 بە رێژەی لەسەدا 27 کەمیكردووه.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە لەلایەن کارگێڕیی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر ناوی "کۆچی نێودەوڵەتی 2020" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە رێگەی داخستنی سنوورەکان و وەستاندنی گەشت لە سهرجهم وڵاتانی جیهان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەتای کۆرۆنا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان بە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر تا ناوەڕاستی ساڵی 2020.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2019دا بە رێژەی لەسەدا 27 کەمیكردووه.
ئەوەش روونکراوەتەوە کە گەشە لە ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان لە میانی دوو دەیەی رابردوودا زۆر بەهێزبووە بەجۆرێک ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی ئهو وڵاتانهی لێی لهدایكبوون دەژین لە ساڵی 2020 دا، گەیشتووەتە 281 ملیۆن لە کاتێکدا لە ساڵی 2000 دا نزیکەی 173 ملیۆن بووە و لە ساڵی 2010دا نزیکەی 221 ملیۆن بووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە کۆچبەره نێودهوڵهتییهكان لە ئێستادا نزیکە 3،6 لەسەدای دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەمریکا میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردووە و لە ساڵی 2020 دا، ژمارەی کۆچبەره نێودەوڵەتییهكان لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 51 ملیۆن کەس کە دەکاتە لەسەدا 18ی کۆی کۆچبەران.
ئەڵمانیا لە ریزبەندی دووەمی ئەو وڵاتەدا دێت کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەری لەخۆگرتووە کە نزیکەی 16 ملیۆن بووە و دوای ئهویش سعوودیە بە 13 ملیۆن و رووسیا بە 12 ملیۆن و ئیمارات بە میواندارییکردنی نۆ ملیۆن لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانهدا دێن کە زۆرترین کۆچبەری نێودهوڵهتییان لەخۆگرتووە.
لە راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە هیندستان لە ساڵی 2020 دا لەسەرووی ئەو وڵاتە دێت كه زۆرترین ژمارهی دانیشتوانی له دهرهوهی وڵاتهكهیه کە نزیکەی 18 هاووڵاتیی لە دەرەوەی هیندستان دەژین.
PM:12:59:16/01/2021
ئهم بابهته 1556
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت