سەنتەری میترۆ راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی بۆ ساڵی 2020 بڵاودەکاتەوە

‌دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان

 

 

وێستگەنیوز-

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بەناونیشانی "راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستانی عێراق 2020" بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردو 385 پێشێلکاری بەرامبەر 291 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 4 حاڵەتیان داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و 163 حاڵەتی رێگریکردن بوون.

ئەمڕۆ شەممە سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا بەئامادەبونی بەشێک لەرۆژنامەنوسان و بەرپرسانی دەزگاکانی راگەیاندن و یاسادانان راپۆرتی خۆی لەسەر ئازادی رۆژنامەنوسی لەهەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردوە، ساڵی 2020 سەنتەرەکەیان 385 پێشێلکاری تۆمارکردووە کە بەم شێوەیە بووە؛ 163 حاڵەتی رێگریکردن لەرۆژنامەنوسان، 74 حاڵەتی دەستبەسەرکردن و راگرتن  بەبێ بڕیاری دادگا و 48 حاڵەتی هەڕەشە و سوکایەتی.

ئەوەش هاتووە، لەو ماوەیەدا 30 حاڵەتی دەستگیرکردن و راگرتن بەدەر لەیاسای رۆژنامەنوسی تۆمارکراون، هەروەها 8 حاڵەتی هەراسانکردنی کچانی میدیاکار، 8 حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە، 6 حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی ، 4 حاڵەتی داخستنی ئۆفیسی کەناڵەکان و 2 حاڵەتی تەشویشی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون.

پەیوەست بەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لەراپۆرتی سەنتەری میترۆدا ئەوە خراوەتەڕو، لەو ماوەیەدا لەناوچە کێشەلەسەرەکان 71 حاڵەتی رێگری، 30 حاڵەتی راگرتن بەبێ بڕیاری دادگا، 9 حاڵەتی زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەنوسی، 7 حاڵەتی هێرش و سوکایەتی، 2 حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامەی و یەک حاڵەتی رفاندن تۆمارکراون.

باس لەوەشکراوە، راگرتنی پەخشی کەناڵەکان و راگەیەنراوەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بەبێ ئاگایی لەداخستنی هێزەکان وەک هەوڵێکی دیکە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازیی دەبینرێن، هەروەها لەئێستادا یاسای رۆژنامەگەری بووە بەرابردوو، بەجۆرێک لەجێگەی پەنابردن بۆ یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تۆمەت و سکاڵایانەی لەسەر رۆژنامەنوسان تۆماردەکرێت، پۆلیس و دادگاکان بەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانی رۆژنامەنوسان دەکەن.

پەیوەست بەحاڵەتەکانی هەراسانکردن بەرامبەر خانمانی میدیاکار سەنتەری میترۆ لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا هۆکارەکانی حاڵەتەکانی رونکردوەتەوە و باسی لەوەکردوە، هەراسانکردنی خانمانی میدیاکار لەرێگەی ئاڕاستەکردنی قسەی هەرانسانکار، توندوتیژی، جیاکاری و داوای پەیوەندی لەدەرەوەی کاری رۆژنامەنوسی لەنێوان (بەڕێوەبەری دەزگایەک و خانمە میدیاکاران، یان ئەو بەرپرسەی سەردانی دەکەن بۆ چاوپێکەوتن) و چەندین حاڵەتی دیکەش وایکردوە کاری رۆژنامەنوسی بۆ خانمانی میدیاکار ئاستەنگی بێتەپێش.

هـ.هـ


AM:11:23:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 3268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت