وەزارەتی کارەبا: حکومەتی هەرێمی کوردستان 1.4 ملیار دینار بۆ ئەو خێزانانە دەگێڕێتەوە کە بەشێکن لە پڕۆژەی رووناکی
وێستگەنیوز_
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، 1.4 ملیار دینار بۆ ئەو خێزانانە دەگێڕێتەوە، کە بەشێکن لە 'پڕۆژەی رووناکی' بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری."
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی حوزەیران 2025 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 1.4 ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری. لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاژێرییان هەیە، سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بە شێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەی مانگی پێنج."
ئاماژی بەوەشکردووە، "ئەمەش وادەکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج. بەم شێوەیەش بە تێکڕا، هەریەکێک لەم ماڵانە تاوەکو 20 هەزار دینار بە شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تاوەکو نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە."
وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە، ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارەیەکی زیاتریان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسندی کرد.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "هەروەها ئەو هاوڵاتیانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون لە پاڵپشتیی حکومی بە رێژەی 15% لە مانگی سێیەمدا، کە ئەویش لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا؛ ئەمەش وەکو پاڵپشتییەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتیی مانگی یەکەم بە رێژەی 50% و مانگی دووەم بە رێژەی 25%،".
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ، نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسند کرد؛ وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە ئەنجامدا ئێستا 80%ی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای موەلیدەی ئەهلی و نیشتمانی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەریی دیکە دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاوڵاتیان."
PM:07:29:10/06/2025
ئهم بابهته 1760
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت