مووچەی خانەنشینان، کێشەیەکی نوێ لە نێوان هەولێر و بەغداد دروست دەکات


وێستگەنیوز-

مووچەی خانەنشینان کێشەیەکی نوێ لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستدەکات، بەغداد داوا دەکات تەنها مووچەی ئەو خانەنشینانە هاوتا بکرێت کە لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە خانەنشینبوون، هەرێمی کوردستانیش دانوستانی لەسەر دەکات.


هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان کێشەیەکی نوێی لە نێوان هەولێر و بەغداد دروستکردووە، حکومەتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە گۆڕانکاری لە لیستی ئەو کەسانەدا بکات کە هاوتاکردنەکە دەیانگرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە وێستگەنیوز لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، خانەنشیانی 2004 تا 2024 لە بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان سوودمەندبوون، بەڵام بەغداد داوای کردووە تەنها ئەو کەسانە سودمەندبن کە لە دوای بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە خانەنشینبوون.

رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین مووچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.

حکومەتی عێراقی داوای کردووە، ئەو کەسانەی کە لە دوای ئەو بەروارەوە خانەنشینبوون، دەبێت مووچەکانیان هاوتا بکرێت و خانەنشینانی دیکە نابێت سوودمەندبن.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پشتراستکردنەوە داواکارییەکەی بەغداد لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەوە دواکارییەوە مووچەی خانەنشینان لە مانگی دوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەوەی پێشتر هەرێم مووچەکەی هاوتا کردووە هەڵدەوەشێتەوە و هەوڵدەدرێت پارەکەشیان لێ وەربگیرێتەوە.

وێستگەنیوز قسەی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد، ئەوان رەتیانکردەوە جارێ هیچ بڕیارێکیان لەسەر داواکارییەکەی بەغداد دەرکردبێت.

وێستگەنیوز زانیویەتی، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مریەم عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی كوردستان لە بەغدایە، بەو ئامانجەی ئەو گرفتانەی ماون لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی کوردستان و عێراق چارەسەربکرێن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەم کێشە نوێیە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی شاندی هەولێر و بەغداد دەبێت، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت تا زۆرینەی خانەنشینان سوودمەندی هاوتاکردنی مووچەکان بن.

رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.

تەموزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە راگەیاند و بڕیاریدا ئەو یاسایە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی بەکاربهێنێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خانەنشینکردنی ئەم فەرمانبەرە نوێیانەشدا پشت بە هەمان یاسا دەبەستێت، بەڵام بڕیاریداوە تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم بکرێتەوە.

بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق کە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنیشینی بوونی فەرمانبەران بەکاریدەهینێت، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی خانەنشینیدا ئەگەر 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، 12 مووچە وەک پاداشتی ساڵانی خزمەت پێدەدرێت لەگەڵ شەش مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە.



AM:11:46:10/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 2916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو