هەولێر لە دڵی گەشتیاراندا
وێستگەنیوز_راژان رزگار
لەگەڵ دەستپێکی رۆژێکی نوێ و کاتژمێرە زووەکانی
بایانیاندا پێش ئەوەی شەقامەکانی شاری هەولێر جانجاڵ و قەرەباڵغ بێت، دەیان
دانیشتووان و گەشتیار بەرەو قەڵا مێژوویی و خواردنگە دێرینەکانی ئەو شارە دەڕۆن و
چێژ لە کەشوهەواو دیمەنە ناوازەکانی وەردەگرن.
لەگەڵ هەڵهاتنی خۆری رۆژێکی نوێدا ژیان دەست دەکات، بە
کردنەوەی ئەو کافێ و چێشتخانە بەناوبانگانەی کە بە دەوری قەڵاکەدا دروستکرون، سەردانکەران
لەسەر مێزێکی بچووکی دار دادەنیشن و چای گەرمی کوردی دەخۆنەوە و خواردنی جۆراوجۆرەکان
دەخۆن، وەک کەلالە، پەنیری تازە، هەنگوینی سروشتی و چەندین خواردنی دیکەی کوردەواریی.
لەم بارەیەشەوە گەشتیارێکی بیانی لە سەردانێکیدا بۆ شاری
هەولێر بە میدییایەکی عێراقی راگەیاند، "هۆکاری هاتنم بۆ ناوجەرگەی شاری هەولێر
کە بازاڕ و قەڵا سەرنجڕاکێشەکەیەتی، وا دەکات وزەیەکی نوێم پێببەخشێت و دەستپێکی
رۆژەکەم جوانتر ببێت، هەروەها کەشوهەوا و بۆنی نانی بەیانی و چای گەرم و دیمەنەکانی
بەهەمان شێوە دڵ خۆشم دەکەن."
بەدەر لەوە تەنها نانی بەیانی نییە، ژینگەی دەوروبەری قەڵاکە
بووەتە شوێنێکی ئایدیاڵ بۆ ئارەزومەندانی فۆتۆگرافی، بەو پێیەی یەکەم تیشکی خۆر رەنگدانەوەی
لەسەر بینا و کۆڵانە تەسکەکانی قەڵاکە دەبێت، ئەمەش وادەکات دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و
نایاب بە ناوچەکە ببەخشێت.
هاوکات، محەممەد، فۆتۆگرافەرەو دەڵێت "من حەزم لە وێنەگرتنە
لە بەیانیانی ئێرەدا، چونکە ڕووناکییەکە دەیداتە قەڵاکەو لە تەمێکی ڕووناکی بەیانیدا
سیحراوی دەردەکەوێت، ئەمەشدەرفەتێکی لەبیرنەکراوە بۆ خۆشەویستانی فۆتۆگرافی."
عەبدوڵڵا، پیاوێکی بەساڵاچووە رۆژانە زۆر سەردانی ئەو شوێنە
دەکات و دەڵێت، "کاتێک دێم و لەم شەقامەی نزیک قەڵا دادەنیشم هەست دەکەم دەگەڕێمەوە
بۆ رۆژانی کۆن، ئەم قەڵایە دڵی شاری هەولێر بووەو ئێستاش هەروایە، هەروەها شوێنێکی
تەواو گونجاوە بۆ دەستپێکی رۆژێکی نوێ وادەکات هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی بکەیت."
هەرچەندە قەڵای هەولێر، سیما مێژووییەکەی پاراستووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان
کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکانی دەوروبەری، چونکە کافێ و کۆبوونەوەی خێزانیی
زیاتر کراوەتەوە، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی ناوچەکە بە گەشتیاران و دانیشتووان دەبەخشێت.
قەڵای هەولێر وەک وێستگەیەکی جیاواز بۆ دانیشتوان و سەردانکەرانی
شارەکە دەمێنێتەوە، کە بۆنی مێژوو لەگەڵ جوانی کەشوهەوای بەیانیدا تێکەڵ دەبێت، دەرفەتێکی
ناوازە دەدات بە هەمووان بۆ چێژوەرگرتن لە ساتە نەبیندراوەکان.
PM:02:46:01/02/2025
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت