شیکارییەکی وێستگەنیوز.. پارتی سیناریۆی پێکهێنانی حکومەت دادەڕێژێت و یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە
وێستگەنیوز_
وێستگەنیوز سیناریۆکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم ئاشکرا دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت سیناریۆی کابینەی نۆیەم دووبارە بکاتەوە و دوای کۆکردنەوەی 50+1؛ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداری حکومەت بکات، یەکێتیش ئەو سیناریۆیە ڕەتدەکاتەوە.
لە ئێستادا دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەت چڕکراونەتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و وەرگرتنی بۆچوونیان بە جیا سەردانی لایەنەکان دەکەن بەڵام تا ئێستا ئەو دوو لایەنە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان بەدەستنەهێناوە.
بڕیارە دوای تەواوکردنی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، پارتی و یەکێتی پێکەوە کۆببنەوە و یەکەم دانیشتنی ئاشکرا لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی وێستگەنیوز لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتییەوە پشتراستی کردوونەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی هەفتەی داهاتوو لە سلێمانی ئەنجام بدرێت.
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پارتی و یەکێتی دەبێتە یەکەم دەروازەی خستنەڕووی ئەو داواکارییانەی دوو حزبەکە لە یەکتر هەیانە بە تایبەت ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئیدارەدانی کابینەی دەیەم.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی یەکێتی کە وێستگەنیوز قسەی لەگەڵ کردوون، یەکێتی ئەمجارە زیاتر لە هەموو کات پێداگیری لەسەر شێوازی بەشداریکردنی لە حکومەت دەکات و دەیەوێت هاوبەشی ڕاستەقینە بێت.
ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە جۆرێکن، پارتی و یەکێتی پێکەوە دەتوانن (50+1) پێکبهێنن، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی هەر لایەکدا حکومەت هەڵدەوەشێتەوە.
پارتی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی کابینەی دەیەم، دەیەوێت لایەنی سێیەم بەشداری پێبکات تا هاوشێوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمدا مانەوە و بەردەوامیی حکومەت گرەنتی بکات.
بەپێی زانیارییەکانی وێستگەنیوز، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامانجی سازش پێکردنی یەکێتی تاوتوێی چەند سیناریۆیەکی جیاوازی کردووە کە بەهێزتریان دووبارەکردنەوەی سیناریۆیی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمە.
پارتی دەیەوێت، لە ئەگەری پێداگیری زۆری یەکێتی هاوشێوەی کابینەی نۆیەم، سەرەتا بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت و دواتر پۆستەکانی یەکێتی بە بەتاڵی جێبهێڵێت تا دواتر حزبەکە بە ناچاری پێیان ڕازی بێت و پڕییان بکاتەوە.
وێستگەنیوز دەزانێت، پەیامەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان درێژکراوەی هەمان هەوڵی پارتییە و دەوێت لە ڕێگەی بەشداری پێکردنی زۆرینەی لایەنەکانەوە سەنگی یەکێتی لە حکومەت کەم بکاتەوە.
ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مارجن کوبیاک، باڵیۆزی پۆلەندا لە عێراق بە ناڕاستەوخۆ پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتی کرد و ڕایگەیاند، هەروەک چۆن هەڵبژاردن سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو، قۆناغی پێکهێنانی حکومەت و دانوساندنی لایەنەکان بە سەرکەوتوویی دەگاتە ئەنجام.
بارزانی خواستی خۆشی بۆ سیناریۆیی پێکهێنانی کابینەی دەیەم خستەڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خوازیاری پێکهاتنی حکومەتێکی بنکەفراوانن کە بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن پۆست بە لایەنەکان بدرێت.
یەکێتی لەگەڵ ڕەتکردنەوەی سیناریۆکەدا، هەوڵەکانیشی بۆ شکستپهێنانی سیناریۆکەی پارتی دەستپێکردووە و دەیەوێت لایەنەکانی دیکە بەبێ یەکێتی 50+1 لەگەڵ پارتی تەواو نەکەن و حکومەت پێکنەهێنن.
یەکێتی دەیەوێت، ئەگەر خۆشی بە تەنها لەگەڵ پارتی حکومەت پێکنەهێنێت، بتوانێت بەشێکی ئەو لایەنانەی بەشداری حکومەت دەکەن لەبەرەی خۆیدا کۆبکاتەوە تا بتوانێت بەهێزتر لەگەڵ پارتی گفتوگۆ بکات و هەر کاتیش ویستی بە کشانەوە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە لەسەر حکومەت دروست بکات.
بەپێ وتەی چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ وێستگەنیوز، یەکێتی تا ئێستا ئامادە نییە ئەم سیناریۆیە قبوڵ بکات و بڕیاریداوە لە ئەگەری بەدیهاتنیشی هاوشێوەی کابینەی نۆیەم ناچێتە ژێر بارییەوە بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ناچێتە حکومەتەوە.
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
PM:02:18:29/11/2024
ئهم بابهته 4380
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت