په‌رله‌مانتارێك: بۆ مووچه‌ی مانگی 12 فاتیحه‌ بخوێنن


وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  بۆ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ بۆ مووچه‌ی مانگی 12 فاتیحه‌ بخوێنن.


غه‌ریب ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نووسیویه‌تی‌: "سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی مانگی 12 و ناردنی له‌مانگی 12دا، جگه‌ له‌ خوێندنی (فاتیحا) ئومێدێكی ترم نیه‌ بیده‌م به‌ مووچه‌ خۆران".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ی‌ ده‌ڵێت: "بێگومان پشكی گه‌وره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌ش به‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌وێت كه‌ نه‌یتوانیوه‌ روون و ڕاشكاوبێت له‌گه‌ڵ به‌غدا".

جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ "له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم واجبه‌ هه‌رچی له‌توانایدا هه‌یه‌و ماوه‌ بیخاته‌گه‌ڕ تائه‌م لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌ی به‌غدا و هه‌رێم كۆتایی پێبهێنرێ و چیتر موچه‌خۆرانی هه‌رێم مه‌حروم نه‌كرێن".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێ‌ 26ی‌ تشرینی‌ دووه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ مانگی‌ رابردوو "تشرینی‌ یه‌كه‌م"ی ئه‌م ساڵیان وه‌رنه‌گرتووه‌ و هیچ واده‌یه‌كیش بۆ دابه‌شكردنی‌ دیار نییه.

 ساڵی‌ پاریش حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی تشرینی یه‌كه‌م 10، تشرینی دووه‌م 11، كانوونی یه‌كه‌م 12ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی دابه‌ش نه‌كرد.


PM:08:08:25/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 1684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت