لە دهۆک خوێندکارێکی ماستەر بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک دەستگیرکرا
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
ئەمڕۆ دووشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2024، خوێندکارێکی ماستەر بەناوی "ئاراس حسێن" لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستگیرکرا، بەهۆی ئەوەی دوورخراوەتەوە لە خوێندن لە گرتە ڤیدیۆیەکدا رەخنەی لە حکومەت و سەرۆک بەشی زانکۆکەی گرتووە دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی داوە.
ئارام حسێن، برای ئاراس حسێن بە وێستگەنیوزی رایگەیاند، "براکەم خوێندکاری ماستەر بووە لە بەشی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دهۆک تەنها بەهۆی دوو رۆژ نەچوونی بۆ زانکۆ بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە، دواتر براکەم لە گرتە ڤیدیۆیەکدا تووڕە بووە و ناڕەزایەتی دەربڕیوە و ئەو بڕیارەی بە نایاسایی و سیاسی ناوبردووە، وتویەتی، ئەو بڕیارە لەلایەن حزبەوە دراوە، چونکە سەرۆک بەشەکەی پارتییە".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە سکاڵا لەسەر براکەم تۆمارکراوە و ئەمڕۆ دووشەممە بەمەبەستی وتە لێوەرگرتن چووەتە بنکەی پۆلیس و دواتریش نێردراوە بۆ دادگا، بەڵام لەوێ بڕیاری دەستگیرکردنی دراوە و لە ئێستا لە گرتووخانەی دهۆک راگیراوە و رێگەش نادرێت بە کەفالەت ئازادبکرێت، چونکە کەیسەکەی بە سیاسی کراوە".
لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارەوە رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە وێستگەنیوزی وت، "بەڵێ هەواڵەکەمان بیستووە پێویستبوو دامەزراوە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان نەرم بکەن لەگەڵ بابەتی ئازادی رادەربڕین".
رەحمان غەریب باسی لەوەشکرد، "بەهۆی ئەوەی کەیسی ئەم خوێندکارە پەیوەندیی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک هەیە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی دەبوو ئەو گەنجە بە کەفالەت ئازادبکرایە و ئێستا لە زیندان نەبوایە".
وتیشی، "کەیسی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان چاوی لەسەرە، بۆیە پێویستە بیرکردنەوە و ئاستی رۆشنبیری بەرپرسەکان بەرامبەر ئەو کەیسانە گۆڕانکاریی بەرسەردابێت، هەروەها دەبێت دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم وا سەیری رەخنەکان بکەن کە بۆ باشتر کارکردنی ئەوانە".
رێکخەری سەنتەری میترۆ راشیگەیاند، "ئاراس حسێن زانیویەتی کە زوڵمی لێکراوە و ئەو قسانەی کردووە، نەدەبوو بەوجۆرە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆیە ئێمە وەک سەنتەری میترۆ داوادەکەین بە کەفالەت ئازادبکرێت".
PM:05:24:11/11/2024
ئهم بابهته 7520
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت