ئۆكرانیا به فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان گه‌وره‌ترین هێرشی كردووه‌ته سه‌ر مۆسكۆ
وێستگەنیوز-
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 10ی تشرینی دووه‌می 2024، روسیا رایگه‌یاند هێزه‌كانی 70 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئۆكرانیای له ئاسمانی شه‌ش هه‌ڕێمی روسی خستووه‌ته خواره‌وه، له‌وانه 32 دانه‌یان شاری مۆسكۆیان كردبووه ئامانج و بووه هۆی داخستنی كاتی دوو له فڕۆكه‌خانه‌كانی پایته‌خت.
به‌رپرسانی روسیا ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه، ئۆكرانیا لانی كه‌م به 32 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، مۆسكۆی پایته‌ختی كردووه‌ته ئامانج، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هێرشی ئۆكرانیایه به فڕۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان بۆ سه‌ر شاره‌كه كه تا ئێستا روویدابێت و ده‌سه‌ڵاتدارانی مۆسكۆ ناچاربوون به شێوه‌یه‌كی كاتی دوو فڕۆكه‌خانه‌ی شاره‌كه دابخه‌ن.
به گوێره‌ی لێدوانه‌كانی سێرگی سوبیانین سه‌رۆكی شاره‌وانی مۆسكۆ، هێزی به‌رگری ئاسمانی روسیا، به‌رپه‌چی هێرشه فراوانه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه كه به فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئۆكرانی كراوه‌ته سه‌ر پایته‌خت.
سوبیانین له كه‌ناڵی تیلیگرامی خۆی نووسیویه‌تی: "7 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی دیكه، له ناوچه‌ی ئاوه‌دانه‌كانی دۆمۆدیدۆڤۆ و رامێنسكۆی و كۆلۆمنا خراونه‌ته خواره‌وه. تا ئێستا 32 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان خراونه‌ته خواره‌وه كه ئاراسته‌ی مۆسكۆ كرابوون".
به گوێره‌ی وته‌كانی ئه‌ندرێ ڤۆرۆبیۆڤ پارێزگاری ناوچه‌ی مۆسكۆ، له گوندی ستانۆڤۆی ناوچه‌ی رامێنسكۆیه، به‌هۆی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی پارچه‌كانی فڕۆكه تێكشكاوهكانهوه، دوو خانوو سووتاون و ژنێكی ته‌مه‌نی 52 ساڵ، به‌هۆی به‌ركه‌وتنی پارچه‌یه‌كه‌وه بریندار بووه و بڕێك له جه‌سته‌ی سوتاوه و گواستراوه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه و خزمه‌تگوزاری گه‌یشتووه‌ته شوێنی رووداوه‌كه.
له كاتی ده‌ستپێكردنی هێرشی سه‌ربازی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له شوباتی ساڵی 2022وه، ئه‌مه گه‌وره‌ترین هێرشی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی ئۆكرانیا بووه بۆ سه‌ر پایته‌ختی روسیا.
PM:02:06:10/11/2024
ئه‌م بابه‌ته 1204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت