قوباد تاڵەبانی: یەکێتی هەوڵدەدات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەردەم خەڵکی کوردستان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2024، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە لە هەولێر بە ئامادەبوونی ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزیری سامانە سروشتییەکان بەڕێوەچوو، هەردوولا دۆخی هەرێمی کوردستانیان لە پاش هەڵبژاردن و میکانیزمەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێیان تاوتوێ کرد. قوباد تاڵەبانی ڕوونی کردەوە، یەکێتی دیدگایەکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت و کراوەشە بەڕووی هەموو ئەوانەی لەو دیدگایەوە نزیکن لە پرۆسەکەدا.

لە دیدارەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەلەکردن لەو پرۆسەیە و پێشگرتن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی ناوچەیی و هەرێمایەتی.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی کردەوە، "یەکێتی هەوڵدەدات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی بەرپرسیار لەبەردەم خەڵکی کوردستان کە دادگەرانە و بە شێوازێکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە کار بکات".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و ململانێیەکانی ناوچەکە، جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و کارکردنی هاوبەش بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ و بەرژەوەندی هاوبەش کرایەوە.



PM:05:46:04/11/2024








ئه‌م بابه‌ته 672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت