راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئابووری و ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی عێراق بۆ كاروباری ئابووری و ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، رێككه‌وتن كه‌ راسپارده‌یه‌ك ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ بكه‌ن بۆ ئاڕاسته‌كردنی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردن و ناردنی مووچه‌ ڕاگیراوه‌كانی هه‌رێم، ئه‌وانه‌ی به‌ هۆی ته‌واونه‌كردنی بایۆمه‌تری دوورخرابوونه‌وه‌.


بڕیاری هه‌نووكه‌ییان له‌باره‌ی‌ هه‌ندێك كێشه‌وه‌ دله‌باره‌وه‌ درا و ئه‌وانی تریش راسپارده‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ‌ كرا

ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی عێراق بۆ كاروباری ئابووری له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژدا، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی  بیست و هه‌شته‌مینی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر سازكرد.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، "له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی كۆبوونه‌وه‌كاندا، كۆمه‌ڵێك بابه‌تی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ڕاشكاوانه‌ و ئه‌رێنیدا تاووتوێ كران، كه‌ هه‌ندێكیان بڕیاری هه‌نووكه‌ییان له‌باره‌وه‌ درا و ئه‌وانی تریش راسپارده‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ‌ كرا، و جه‌خت له‌ به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆكان كرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌ كۆبوونه‌وه‌ و دیداری زیاتر هه‌یه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئابووری بڕیاریدا به‌ پێشكه‌شكردنی ڕاسپارده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ بۆ ئاڕاسته‌كردنی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردن و ناردنی مووچه‌ ڕاگیراوه‌كانی هه‌رێم، ئه‌وانه‌ی به‌ هۆی ته‌واونه‌كردنی بایۆمه‌تری دوورخرابوونه‌وه‌".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ندێك پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌ رۆزنامه‌ی كشتوكاڵی، مۆڵه‌تی هه‌نارد ه‌ و هاورده‌كردن، مۆڵه‌تی كارگه‌كان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان، پۆلێنكردنی به‌ڵێنده‌ران، ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، گومرگ، دۆسێیه‌ی نه‌وت و وزه‌ و كه‌رتی بانكی كرا.

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌داهاتووه‌، "راسپارده‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئابووری، به‌رده‌وامبوونی كاركردنی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌ت و كه‌رته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی پێیان سپێردراوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ له‌یه‌كتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

روونیشیكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ "ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی پێشنیاری ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و له‌ ئاستێكی باڵادا ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆسێیه‌كان نه‌وت و وزه‌ و ده‌روازه‌  سنوورییه‌كان و گومرگ".

له‌ كۆتاییدا بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی ئابووری هه‌رێمی كوردستان كرا بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئابووری، له‌ شاری به‌غدا.


PM:10:53:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت