بەلەمێک لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقووم بوو و 21 کۆچبەر بێسەروشوێنن

‌دیمەنی رزگارکردنی حەوت کۆچبەری بەلەمەکە کە لەلایەن هێزی دەریایی ئیتاڵیا بڵاوکراوەتەوە

وێستگه‌نیوزـ

پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا، حەوت کۆچبەری سووریاییان لە خنکان رزگار کرد، دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لەنزیک کەناراوەکانی باشووری ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت. هاوكات 21 کۆچبەری دیکەی بەلەمەکەش تائێستا بێسەروشوێنن.

 
شەوی رابردوو پاسەوانی دەریایی ئیتاڵیا، رایگەیاند، حەوت کۆچبەریان لەنزیک کەناراوەکانی دوورگەی لامپادووسیا لە باشووری ئیتاڵیا رزگار کردووە کە سەرجەمیان سووریایی بوون، تیمەکانیان سەرقاڵی گەڕانن بەدوای 21 کۆچبەری دیکەدا.
 
هێزی دەریایی ئیتاڵیا راگەیاندووە، ئەو کۆچبەرانە لەناو بەلەمێکی بچووکدا بوون و نزیکەی 15 کیلۆمەترێکیان مابوو بگەنە کەناراوەکانی ئەو دوورگە ئیتاڵییە، کاتێک بەلەمەکەیان تێکشکاوە و ژێرئاو کەوتووە.
 
هەروەها هێزی دەریایی ئیتاڵیا، ڤیدیۆی رزگارکردنی حەوت کۆچبەرە سووریاییەکەی بڵاوکردووەتەوە و کاتێک کۆچبەرەکان بە سەلامەتی دەگەنە دوورگەی لامپادووسیا، بە ئیتاڵییەکان رادەگەیه‌نن، بەلەمەکەیان لە لیبیاوە بەرەو ئیتاڵیا چووە و 28 کۆچبەری تیادا بووە کە سیانیان منداڵ بوون. کۆچبەرەکان وتوویانە بەلەمەکەیان بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و بەهێزیی شەپۆلی دەریاکە تێکشکاوە و، ژێرئاو کەوتووە و سەرجەم کۆچبەرەکانیش کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە.
 
رێگەی دەریای سپی نێوەڕاست بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و مەترسیدارترین رێگەی کۆچبەرانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەورووپا دادەنرێت و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ئەم مانگە، نزیکەی 115 هەزار کۆچبەر روویان لە ئەورووپا کردووە کە زیاتر لە 107 هەزاریان لە رێگەی دەریاوە چوون. ئەمە بێجگە لەوەی ساڵی رابردوو زیاتر لە 212 هەزار کۆچبەر بەو رێگەیەدا چوونەتە ئەورووپا و زۆربەشیان یەکەم وێستگەیان ئیتاڵیایە.
 
بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پار لەو رێگەیەدا، سێ هەزار و 105 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.


AM:09:30:05/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو