موحسین مه‌نده‌لاوی: پێویستە هەموومان کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ ململانێکان

‌موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی یەکەمی پەرلەمانی عێراق

وێستگه‌نیوزـ

جێگری یەکەمی سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵی دەستەبەرکردنی ئاشتی دەدەن لە چوارچێوەی هەماهەنگی و چوارچێوەی گفتوگۆی راشکاوانەی نێوانیاندا.

موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی یەکەمی پەرلەمانی عێراق، لە چوارەمین کۆڕبەندی مێپس رایگەیاند، "لەم کۆبوونەوە گرنگە سەبارەت بە ئاشتی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتێکی زۆرباشە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گفتوگۆی چڕوپڕ، سەبارەت بەو ئالنگارییەی هەڕەشەن بۆسەر ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی، ئومێدەوارین ببێتە جێگەی رەزامەندی و یەکتر قبوڵکردن".

وتیشی، "هیوادارین گفتوگۆکانی ئەم کۆڕبەندە ببێتە سەقامگیری لە ناوچەکە بەگشتی، بەتایبەت ئەو دوژمنکارییەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکرێت و بەرامبەر فەڵەستینییەکان جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی کوژرانی هەزارەها منداڵ و ئافرەتانی مەدەنی، ئەم شەڕەی ئەوان بەردەوامە و بووەتە هۆی دروست بوونی چەندان تاوانی شەڕ، بووەتە هۆی کۆمەڵکوژی دژی مرۆڤایەتی".

راشیگەیاند: "داوا لە هەموولایەک دەکەم هاوکار و هەماهەنگی بکرێت و پێکەوە گفتوکۆبکەین، بۆ کۆتایی هێنان بەم وێرانکارییە، ئێمە وەک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پابەندین بە دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاشتەوایی، لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیش، ئێمە لە گرنگی ئەم هاوکاریی وچالاکییانە تێدەگەین، پێویستە ئێمە دەستی پێوە بگرین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر توندوتیژییەک و هەر کارێکی تیرۆرستی و ئەو کەسانەی کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگاکەمان هەیە".

موحسین مەندەلاوی ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە ئێمە بنەمای ئاشتی بکەینە بنەمای کارەکانمان، مافی مرۆڤ، دادپەروەری هەموومان کاربکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی بۆ هەموو ململانێکان، هەوڵی بەهێزکردنی پتەوکردنی نێوان پێکهاتەکان بدەین".

وتیشی، "دووپاتی دەکەمەوە کە پێویستە رێکارێکی چالاکانە بدۆزینەوە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشکانماندا، ئەو هەوڵانەی کە پێکەوە دەیاندەین".

مەندەلاوی وتی: "ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و بۆ بنیاتنانی پردێکی گفتگۆ، پردێک ببێتە هۆی دروست بوونی راستگۆیی و راشکاوانە، ئێمە داوای ئاسیشی ناوچەکەمان دەکەین، رووبەڕووی کۆمەڵێک ئالنگاری ئەمنی گەورە بووینەتەوە، هەوڵی دەستەبەرکردنی ئاشتی دەدەین، لە چوارچێوەی هەماهەنگی و گفتگۆی راشکاوانەی نێوانماندا، ئێمە دیدگامان بۆ ئاشتی هەیە، بۆ داهاتوویەک سەقامگیر و ئاسایش بێت، ناوچەکان و نەوەکانمان، دژی و هەموو هەڕەشەیەک دەوەستینەوە".

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک لە رۆژانی (19 و 20 و 21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێڵ بەڕێوەدەچن کە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت، هەروەها ئالنگاری ئەمنی و ئابووری و سیاسی و بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان تاوتوێ دەکرێت.


PM:12:03:20/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت