وەزیری دەرەوەی سوریا: پەیوەندییەکانی سووریا و عێراق ستراتیژین


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی حوزەیرانی 2023، فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا دوای 12 ساڵ لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەی، سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا. دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سووریا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان لەبارەی پەیوەندییەکانی دیمەشق – بەغدا، پرسی ئاوارەکانی سوریا و چەند پرسێکی دیکە ئەنجام دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "هەڵوێستی عێراق لەبارەی پاڵپشتیکردن لە گەلی سووریا نەگۆڕە و داوا دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەنگاو بنرێت بۆ رزگارکردنی سووریا لەو دۆخە خراپە مرۆییەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت، بەتایبەت پرسی ئەو پەنابەرە سورییانەی لە وڵاتانی ناوچەکە نیشتەجێن. ئێمە 250 هەزار پەناری سوریمان لەباوەش گرتووە، کە زۆرینەیان ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

هاوکات، فوئاد حوسین خۆشحاڵی عێراقی بە گەڕانەوەی سوریا دوای 12 ساڵ بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەڕبری و وتی: عێراق یەکەم وڵات بووە، دەستپێشخەریی کردووە بۆ گەڕانەوەی دیمەشق بۆ نێو کۆمکارەکە. 

بە وتەی فوئاد حوسین، "بارودۆخی ئەمنی سوریا راستەوخۆ کاریگەریی دەکاتە سەر بارودۆخی ئەمنی عێراق و پێچەوانەکەشی راستە".

پاش قسەکانی وەزیری دەرەوەی عیراق، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا بە ئاماژەدان بەوەی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا،  سوپاسی هەوڵەکانی عێراقیشی کرد بۆ  بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەی. 

وتیشی، "پەیوەندییەکانی عێراق و سوریا لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا ستراتیژین".

هەروەها "سوپاسی گەل و حکومەتی عێراقی کرد بۆ ئەو هاوکارییە مرۆییانەی لەماوەی بوومەلەرزەی مانگی شوباتدا پێشکەشی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریایان کرد."


PM:03:34:04/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو