"رێککەوتنی نیمچەکۆتایی لەسەر بودجە هەیە"


وێستگەنیوز_

ئەحمەد وەندی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر رایگەیاند، رێککەوتنی نیمچە کۆتایی لەبارەی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئەو رێککەوتنانەی لەسەر رەشنووسی بودجە کراون.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 4ـی 6ـی 2023، ئەحمەد وەندی، وتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەبارەت بە رەشنووسی بودجەی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی دوایین ئەو رێککەوتنانەی لەبارەی رەشنووسی بودجەوە هەن، پەسەند بکرێن".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نیمچە کۆتایی لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی داراییەوە کراوە و بڕیارە پێش 10ـی ئەم مانگە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنیان".
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە؛ لایەنە ناکۆکەکان رێککەوتوون ئەو گۆڕانکارییانەی لیژنەی دارایی کردوویەتی و پەیوەندییان بە نەوت و گازەوە هەیە، بۆ دوای پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز هەڵپەسێردرێن، بابەتە دارایی و یاساییەکانیش لەسەر بەشێکی زۆری رێککەوتن کراوە، واتە بەشێک لە خاڵەکانی هەردوو مادەی 13 و 14 وەکو پێشتر و بەبێ دەستکاری دەمێننەوە".
 
هەروەها، "بەهۆی درەنگکەوتنەوە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان هەیە لەسەر ئەوەی تاوەکو چەند رۆژی کەمی داهاتوو، رەشنووسی بودجە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی پەسەندبکرێت و بکرێتە یاسا."


PM:12:09:04/06/2023


ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت