وه‌زاره‌تی دارایی: بەبێ تەرخانکردنی پارە ناتوانرێت پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بگەڕێندرێتەوە


وێستگه‌نیوزـ

وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، دانەوەی پاشەکەوتی مووچە ساڵانە پێویستی بە یەک ترلیۆن دینارە و بەبێ تەرخانکردنی بڕە پارەیەک لە بودجەی عێراقدا تایبەت بەوە، ناتوانرێت 10٪ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنرێتەوە.

 
ئه‌مڕۆ سێشەممە 30ی ئایاری 2023، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند: "دەبێت ئەو لایەنانەی کە پێشتر و ئێستا لە کابینەی حکومەتدا بوون لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن و بەپێی قەبارەی خۆیان، خۆیان لە کێشەکان نەدزنەوە".
 
باسی له‌وه‌شكرد: ئەو 10٪ی پاشەکەوتەی مانگانە باسی دەکەن، پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە، "ئەم پارەیە چۆن دابیندەکرێت؟".
 
سەبارەت بە پاشەکەوت و دیاریکردنی گەڕاندنەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاری تیادا کرا، هونەر جەمال وتی: "بەبێ هیچ تەرخانکراوێک لە بودجەدا چۆن جێبەجێ دەکرێت؟ یاخود لە گۆترە چۆن خەرجدەکرێت؟".
 
وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ پارەیەک خەرج ناکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت، کە ئەمە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر کراوە و هەموو ساڵانی رابردووش هەروا بووە.


PM:01:50:30/05/2023


ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو