میدیا عێراقییه‌كان: وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم له به‌غدا شكستی هێنا و راگرتنی نه‌وته‌كه‌ی درێژه ده‌كێشێت
وێستگه نیوز-
میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكرده‌وه كه ئه‌و وه‌فده‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له ماوه‌كانی دواییدا سه‌ردانی به‌غدای كرد بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی، شكستی هێنا.
میدیا عێراقییه‌كان له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه رایانگه‌یاند كه "وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم كه به سه‌رۆكایه‌تی ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی سه‌ردانی به‌غدای كرد، له‌گه‌ڵ وه‌زیری نه‌وتی عێراق كۆبووه‌ته‌وه و داوایكردووه به‌كاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه ده‌درێت یاخود پرۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز په‌سه‌ند ده‌كرێت".
سه‌رچاوه‌كه وتوویه‌تی: "وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئه‌و داواكارییه‌ی وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێمی ره‌تكردووه‌ته‌وه".
وتیشی: "وه‌زیری نه‌وتی عێراق سووربووه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی كۆمپانیای به‌بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) هه‌نارده بكرێت".
كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆش دلێر عه‌بدولخالق، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی گۆڕان رایگه‌یاند كه هه‌رێم و به‌غدا پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، له‌سه‌ر میكانیزمی به‌یه‌كه‌وه ئیداره‌دانی نه‌وتی هه‌رێم ڕێككه‌وتبوون، به‌ڵام دوای بڕیاره‌كه، ئاستی داواكاری حكومه‌تی ئیتحادی به‌رزبووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك داوایكردوه:
ا/ فرۆشتنی نه‌وت بچێته‌وه ژێر ده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ.
ب/ له‌بری ده‌سته‌واژه‌ی «ئیداره‌دان»، وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئیتحادی «سه‌رپه‌رشتی» پڕۆسه‌كه بكات.
پ/ حكومه‌تی ئیتحادی به‌رپرسیارێتی قه‌رزی كۆمپانیاكان له ئه‌ستۆ ناگرێت، كه به زیاتر له (4) ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت.
ت/ جێگرێك له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان/ حكومه‌تی هه‌رێم له پشكی حكومه‌تی ئیتحادی بێت.
ج/ پێویسته نه‌وته‌كه هه‌نارده بكرێت و وه‌زاره‌تی نه‌وت میكانیزمی خۆی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه هه‌یه.
ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه كه دادگای ناوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس رۆژی 23ی ئاداری 2023 له دۆسیه‌ی ناوبژیوانی دژی ئه‌نقه‌ره بڕیاری له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق ده‌ركرد، دوابه‌دوای بڕیاره‌كه‌ش هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا كه رۆژانه 450 هه‌زار به‌رمیل بوو، ڕاگیرا.
PM:11:37:30/03/2023
ئه‌م بابه‌ته 3824
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت