ئاسوودەترین وڵاتانی دونیا لە ساڵی 2022ـدا


وێستگەنیوز-ئاژانسەکان:
 
ماڵپەڕی (CNN) ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە ئاسوودەترین و دڵخۆشترین دانیشتووانی وڵاتانی دونیا بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵانە کە بە سەرپەرشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاو بۆتەوە؛ فینلاندا بۆ شەشەمین جار لەسەر یەک نازناوی "ئاسوودەترین وڵاتی دونیای بەدەست هێناوە".

20ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئاسوودەییە و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمساڵ یادی بیستساڵەی دەستنیشانکردنی ئەو ڕۆژەی کردەوە و هەر لەو ڕۆژەشدا ڕاپۆرتەکە بڵاو کرایەوە.

ئەو ڕاپۆرتە کە یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی (تۆڕی چارەسازیی گەشەپێدانی بەردەوام)ـی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داتا و ئامار و بۆچوونی هاوڵاتییانی 137 وڵاتی وەرگرتووە و ئەو وڵاتانەی لەسەر بنەمای دڵخۆشیی و ئاسوودەیی بۆ ساڵی 2022 هەڵسەنگاندووە. 

جۆن هیلیۆیل؛ یەکێک لە نووسەرانی ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بە گشتی ڕاپۆرتی سێ ساڵی ڕابردوو 2020,2021 و2022، جێی دڵخۆشیی و گەشبینییە، چونکە هەستەکانی گەشبینیی و دەروەستیی و ڕۆحی بەتەنگەوەهاتن چەندبەرابەری هەستە نەرێنیی و ڕەشبینەکانە و ڕێژەی چاکەکاریی و بەدەمەوچوونی نامۆ و بێداڵدەکان 25% زۆرترە لەوەی پێش کۆڤید-19 هەبوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لیستی ئاسوودەترین 20 وڵاتی دونیا لە ساڵی 2022دا بەم جۆرەیە:

1- فینلاند
2- دانمارک
3- ئایسلاند
4- ئیسرائیل
5- هۆڵەندا
6- سوید
7- نۆرویژ
8- سویسرا
9- لۆکسمبۆرگ
10- نیوزلاند
11- نەمسا 
12- ئوستورالیا
13- کەنەدا
14- ئێرلاندە
15- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
16- ئەڵمانیا
27- بەلژیکا
18- کۆماری چیک
19- بەریتانیا
20- لیتوانیا.
 
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (المدی)ـی عێراقیی؛ فینلاند کە دەوڵەتێکی ئەسکەندەناڤییە، هەزاران دەریاچە و دارستانگەلێکی بەرفراوانی تێدایە، بە هۆی ئەوەی "بەناوبانگە بە سیستمێکی چاودێریی کۆمەڵایەتیی گشتگیر، متمانەی گەورەی دانیشتووانەکەی بەرانبەر دەسەڵاتی وڵاتەکەیان، ڕێژەیەکی نزمی نایەکسانیی لەنێوان هاووڵاتیانیدا کە ژمارەیان دەگاتە پێنج ملیۆن و نیو"؛ شاییستەی ئەو پلەیە بووە بۆ شەشەمینجاری یەکلەدوای یەک.

پێوەرەکانی دیارییکردنی ڕیزبەندیی وڵاتان لە ئاسوودەترینەوە بۆ نائاسوودەترینەکان، کە لە ڕاپۆرتەکەی تۆڕەکەدا بە سەنگی مەحەک دانراون و ماڵپەڕی (CNN) ئاماژەی پێ داون؛ بریتیین لە: تێکڕای تەمەنی پێشبینیکراوی تەندرووستانە، پشکی تاکەکەس لە داهاتی گشتیی وڵات، بەتەنگەوەهاتنی کۆمەڵایەتیی، کەمترین گەندەڵیی، میهرەبانیی و دەروەستیی خەڵک لە بەرانبەر یەکدیی و لە هەمووشیان گرنگتر ئازادی.

سەبارەت بە گرتنی سەرەوەی لیستی ئاسوودەترین وڵاتانی دونیا بۆ شەشەمینجارەی لەسەریەک، ڕەنگە بۆ هەمووان پرسیار و مایەی تێڕامان بێت کە بۆچی فینلاندییەکان ئاسوودەترینن؟! 

جۆن هیلیۆیل؛ سەبارەت بەمە دوو سەرنج دەخاتە ڕوو: بەوپێیەی ناتوانین هەموومان کۆچ بکەین بۆ فینلاند و لەوێ بژین، ئایا کۆمەڵگەکانی دیکە دەتوانن شتگەلێک لە کۆمەڵگەی فینلاندییەوە فێر ببن هەتا ئەوانیش ئاسوودە بن؟ ئایا ئەوەی وای کردووە فینلاندییەکان ئاسوودەترین بن شتگەلێکە کە ئەوان دەیکەن و ئەگەر ئێمەش یەکەمجار بمانزانیایە دەمانکرد؟ یان هۆکارەکەی تایبەتمەندییەکە لە سرووشت و کەشوهەوا و مێژوویاندا کە وای لێکردوون ئەوان جیاواز بن و بەو هۆیەشەوە ئاسوودەترین بن؟

هیلیۆیل؛ کە مامۆستای فەخرییە لە سکووڵی ئابووری ڤانکۆڤەری سەر بە زانکۆی کۆڵۆمبیای بەریتانیی، پێیوایە هۆی ئاسوودەگیی فینلاندییەکان نە سرووشت و ئاووهەوا و نە مێژووە، بەڵکو کۆمەڵێک کار و کردەوە و ڕێکار و شێوازی ژیانە کە هەمووان دەتوانن بیکەن و بەو پێیەش ئاسوودە دەبن. 

بە پێی ڕاپۆرتەکەی (تۆڕی چارەسازیی گەشەپێدانی بەردەوام)؛ گەڵاڵەکردنی دونیابینییەکی گشتگیر کە ئامانجی خۆشگوزەرانیی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بێت نەک چین و دەستە و توێژ و پێکهاتەیەکی دیاریکراو، دەبێتە هۆی هەڵسەنگاندنی باشتر بۆ ژیان و هەروەها وڵاتێکی ئاسوودە و دڵخۆش. لە ڕاپۆرتەکەدا بە دەق هاتووە: "دەبێت ئامانجی هەرە باڵای هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەت فەراهەمکردنی بەرزترین ئاستی خۆشگوزەرانیی بێت بۆ هاوڵاتییانی کە ئەوە لەبەرچاوگرتنی نەوەکانی داهاتوو و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (Alarabiya) بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکەی پێشوو، ئاماژەی بە دڵتەنگترین وڵاتانی دونیا داوە و لە پلەی یەکەمدا ئەفغانستان هەیە کە پلەی 137ی هەیە و لە کۆتایی لیستی وڵاتانی ئاسوودەدایە و بە نمرەی هەڵسەنگاندنی 10/1.8 یەک پۆینت هەشت لە دە، دڵتەنگترین وڵاتی دونیایە، 10 دڵتەنگترین وڵاتانی دونیاش بریتیین لە:

1- ئەفغانستان
2- لوبنان
3- سیرالیۆن
4- زیمبابۆی
5- کۆنگۆ
6- بۆتسوانا
7- مالاوی
8- کۆمۆرس
9- تەنزانیا
10- زامبیا. 

سەبارەت بە عێراقیش؛ ماڵپەڕی (al-monitor) ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق بە نمرەی هەڵسەنگاندنی 4.9/10 چوار پۆینت نۆ لە دە؛ لە ڕیزبەندیی 98دایە لە کۆی 137 وڵات، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە و عێراق بۆ سێ ساڵە لەسەر یەک چەند پلەیەک لە کۆتایی لیستەکە دوور دەکەوێتەوە، ساڵی 2020 لە پلەی 111دا بوو، ساڵی 2021، تەنیا 4 پلە بەرزبووەوە و چووە ڕیزبەندیی 107، لە 2022شدا 9 پلە بەرزبۆتەوە و ئێستا لە پلەی 98دایە. 

بەوەش عێراق لە لیستەکەدا لە هەر چوار دراوسێیەکەی: توورکیا، ئێران، سووریا و ئەردەن لە پێشترە، بە گشتییش وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لەو 137 وڵاتەی ناو ڕاپۆرتەکە بەم جۆرە پلەبەند بوون:

ئیسرائیل: 4
ئیمارات: 26
سعودییە: 30
بەحرەین: 42
جەزائیر: 81
عێراق: 98
مەغریب: 100
ئێران: 101
توورکیا: 106
توونس: 110
میسڕ: 121
ئەردەن: 123
لوبنان: 136

ئەوەی دەمێنێتەوە چەند پرسیارێکە بۆ تۆی خوێنەر: ئایا باوەڕت بەم هەڵسەنگاندنە هەیە یان نا؟ ئەو پلەیەی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) هەیەتی بە ڕاست دەزانیت یان نا؟ ئایا بنەماکانی دەستنیشانکردنی ئاسوودەترین وڵاتەکانی دونیا بە درووست دەزانیت؟


PM:02:45:22/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 2428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت