وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رێنماییەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزانی راگەیاند


وێستگەنیوز-

لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی نەتوانرا ئێوارەی ئەمڕۆ مانگ بینرێت، سبەینێ چوارشەممە تەواوکاری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژ پێنجشەممه‌ 23ی ئازاری 2023، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.

زێندین مەولود ئامۆکەیی، بریکاری وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: مانگ لە ئاسمانی هەرێم نەبینراوە، بەو هۆیەوە سبەینێ چوارشەممە تەواوکاری مانگی شەعبانە و رۆژی پێنجشەممە 23ی ئازاری 2023، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.

لای خۆیه‌وه‌ ئیبراهیم بەرزنجی، بەرپرسی بەشی رێنماییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم مزگەوتەکان و ئەو میدیایانەی بانگ پەخش دەکەن لەسەریان پێویستە ئەو ئیمساکییە بەکاربهێنن کە لەلایەن وەزارەتی ئەقافەوە دەرچووە و ئەگەرهەر لایەنێک وادەی بانگەکانی هاوتای وەزارەتی ئەوقاف نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرنە بەر.

ئەوەشی خستەڕوو، تەنها ئەو کەسەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ئەوقافەوە رادەسپێرێت دەتوانێت چالاکییە ئاینییەکانی وەک نوێژی تەراویح و وتاری عەسران ئەنجام بدات و هیچ کەسێکی دیکە مافی ئەنجامدانی ئەو ئەرکەی نییە.

باسی لەوەشکرد، وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزان رێگەی داوە دەرگای مزگەوتەکان بە کراوەیی بمێنێتەوە تا هاووڵاتییانی موسڵمان شەو نوێژی تیایدا ئەنجام بدەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەریەک لە سعودییە و قەتەر و وەقفی سوننی عێراقی رایانگەیاند، سبەینێ چوارشەممە تەواوکاری مانگی شەعبان دەبێت و رۆژی پێنجشەممە 23ی ئازاری 2023، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.


PM:06:26:21/03/2023


ئه‌م بابه‌ته 6352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت