لەگەڵ هاوسەرەکەت لەکێشەدایت؟ کەواتە پەنا بۆ ٤ کەس مەبە


وێستگە نیوز-

بەشێکی زۆر لە هاوسەران، کە تووشی کێشەیەکی خێزانیی یان کۆمەڵایەتیی دەبن، یەکسەر پەنا بۆ هەندێک کەس دەبەن، بەڵام ئەوانە لەبری سووککردنی کێشەکە و چارەسەرکردنی؛ کێشەکە ئاڵۆزتر دەکەن، ئەو چوار جۆر کەسە کە هەموو خاوەن کێشەیەکی خانەوادەیی و خێزانیی پەنایان بۆ دەبات لەو گومانەوەیە کە ئەوانە دڵسۆزترین کەسن و هەر ئەوانیشن دەتوانن کێشەکە چارەسەر بکەن.

پسپۆڕانی بواری ژیانی خێزانیی و نێوەندگیریی هاوسەران، جەخت دەکەنەوە لەوەی کە پەنابردنە بەر کەسی هەڵە لە کاتی کێشەدا بۆی هەیە کێشەکە قوڵتر بکاتەوە نەک چارەسەر، هەر بۆیە ئەنجالی سارین ناڤاکۆڤسکی؛ پسپۆڕی بواری پەیوەندیی خێزانیی و سێکسیی هاوسەران، ئامۆژگاریی هاوسەران دەکات لەکاتی ناکۆکیی و کێشەی خێزانییدا پەنا بۆ ئەم چوار کەسە نەبرێت:

یەکەم؛ دایک و باوک و خوشک و برا و خزمە نزیکەکان: بە گشتیی کاتێک یەکێک لە هاوسەران و بەتایبەتییش ژنان تووشی کێشەیەکی چارەنەکراو دەبن، یەکەم کەس کە بیری لێ دەکەنەوە پەنای بۆ بەرن دایک و باوک و کەسە هەرەنزیکەکانن، بە بڕوای ناڤاکۆڤسکی، پەنابردنە بەر ئەم کەسانە بۆیە هەڵەیە چونکە ئەمانە کەسی نزیکن، خۆشیان دەوێیت و لە کاتی ناکۆکیی و ململانێدا بۆت دڵتەنگ دەبن، ئەمانە لەکاتی نێوەندگیریی لە کێشەکەتدا لایەنگر دەبن و ناتوانن بابەتییانە و بێلایەنانە کێشەکە ببینین و ڕێنمایی و ڕاوێژی کاریگەرت پێ بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەت، بەوەش کێشەکە قووڵتر دەکەنەوە.

دووەم؛ هاوڕێ نزیکەکان لە ڕەگەزی خۆت: ئەمانە بە پلەی دووەم دێن لە پەنابۆبردندا، بە بڕوای ئەو پسپۆڕەی بواری ژیانی خێزانیی، ئەمانەش بژاردەیەکی باش نیین، چونکە وەکو دەستەی یەکەم ئەمانیش زۆر جار ناتوانن بێلایەن بن، هەندێکجار دەستتێوەردانی ناپێویستیش دەکەن، جاری واش هەیە لەبەر ئەوەی کەسی یەکەمی خاوەن کێشەکە نیین، ناتوانن کێشەکە بە نهێنیی بهێڵنەوە و پێدەچێت لای کەسانێک کە بەحسابی خۆیان زۆر جێی متمانەن باسی دەکەن، بەوەش کێشەکە لە بازنە تەسکەکەدا نامێنێت و دزە دەکاتە دەرەوە، ئەوەش بنەمای چارەسەرنەبوونی کێشەکەیە هەر لە بنەماوە.

سێیەم؛ هاوڕێ نزیکەکان لە ڕەگەزی بەرانبەر: ئەگەر تۆ ژن بیت و لە شوێنی کار یان لە دەرەوە یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاوڕێی نێرینەت هەبێت و ئەگەر پیاویش بیت بە پێچەوانەوە؛ ئەوا هەندێکجار وا بیر دەکەیتەوە کە ڕەنگە ئەو کەسە لەبەر ئەوەی لە ڕەگەزەکەی دیکەیە، واتە هاوڕەگەزی ژن یان مێردەکەتە، ڕەنگە گومان بەریت کە لەوانەیە باشتر لە کێشەکەت تێبگات و چارەسەری بکات، بەڵام ئەمەش لەبەر سێ شت هەڵەیە: یەکەم لەبەرئەوەی وەکو دەستەی یەکەم ناتوانن بێلایەن بن. دووەم، وەکو دەستەی دووەم ناتوانن نهێنیی بپارێزن، سێیەم؛ لەبەر ئەوەی ڕەنگە بە هۆی فاکتەری سەرنجڕاکێشیی و کەمەندکێشیی نێوان دوو ڕەگەزە جیاوازەکە، جۆرێک لە ئاراستەگۆڕین لە کێشەکەدا درووست بکەن، بۆ نموونە ئەگەر هاوڕێکەت مەیلێکی سۆزداریی بەرانبەر بە تۆ هەبێت، ڕەنگە بە هۆی باسکردنی ئەو کێشەیەوە مەیلەکەی بەهێزتر ببێت و بگرە ئاشکراشی بکات، ئەوەش نەک کێشەکە چارەسەر ناکات بگرە دووقاتیشی دەکات.

چوارەم؛ لە هەمووشیان خراپتر، پەنابردنە بەر ئەوانەیە کە کێشەیان لەگەڵ هاوسەرەکەتدا هەیە: هەندێک هاوسەر زۆر سەیر و سەمەرەن، کاتێک تووشی کێشەیەکی خێزانیی دەبن، پەنا بۆ کەسێک دەبەن کە هاوسەرەکەیانی خۆش ناوێت یان کێشەیان هەیە لەگەڵیدا، لەوانەیە ئەمە بۆ هەندێک کەس جێی باوەڕ نەبێت، بەڵام ئەم دیاردەیە هەیە و توێژینەوە و ئامارەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە، هەرچەندە ڕێژەی ئەو هاوسەرانەی پەنا دەبەنە بەر ئەم جۆرە کەسانە زۆر نیین، بەڵام بوونیان هەیە. کێشەی پەنا بردنە بەر ئەم جۆرە کەسانە لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵەیە، بە چوار هۆکار: یەکەم؛ بێلایەن نیین، دووەم؛ نهێنییپارێز نیین. سێیەم؛ ڕەنگە خۆیان لە پەیوەندییەکە هەڵبقورتێنن و ئاراستەی خاوەن کێشەکە بە لای خۆیاندا بگۆڕن، هۆکاری چوارەمیش کە لە هەموویان خراپترە ئەوەیە ئەمانە لەپاڵ ئەو سێ هۆکارەدا هەستی ڕق و کینە و تۆڵەکردنەوەشیان هەیە، هەر بۆیە پەنابردنە بەر ئەمانە کارەساتێکی پەتیی و ڕووتە.

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بپرسین: لە کاتی کێشەی خێزانییدا هاوسەران دەبێت پەنا بۆ کێ بەرن؟ بە بڕوای ئەنجالی سارین ناڤاکۆڤسکی، باشترین کەسێک کە هاوسەران لەکاتی کێشەی خێزانییدا پەنای بۆ ببەن بریتییە لە ڕاوێژکارێکی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی پیشەگەر و لێهاتوو، یان کەسێکی خاوەن کەسێتیی باش و ڕۆشنبیر لە هەمان ڕەگەزی خاوەنکێشەکە کە لە دەرەوەی ئەو چوار دەستەیە بێت لە پێشەوە ئاماژەیان پێ درا. 


PM:09:31:25/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 3724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو