تۆماس فریدمان؛ دووەم ساڵی جەنگی ئۆکرانیا تۆقێنەر دەبێت

‌تۆماس فریدمان، نووسەری ناوداری ئەمریکی

وێستگه‌نیوزـ

تۆماس فریدمان، نووسەری ناوداری ئەمریکیی، لە وتارێکدا ئاماژە بە دووەمین ساڵی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، کە بەمزووانە و لە مانگی دوودا دەست پێ دەکات؛ باسی ئەوە دەکات کە دووەم ساڵی جەنگ تۆقێنەر دەبێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامادەکارییە زەبەللاحەی رووسەکان کردوویانە و هەروەها پێداگریی وڵاتە خۆرئاواییەکان لە پشیگیریی دارایی و سەربازیی ئۆکرانیا.

لەو وتارەدا کە فریدمان لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکیی «The New York Times»ـدا بڵاو بۆتەوە؛ نووسیویەتی کە روونە ڤلایدمێر پۆتین، سەرۆکی رووسیا بڕیاری زیادکردنی ژمارەی چەکدارانی سوپاکەی داوە و لەم مانگانەی کۆتاییدا نزیکەی 500 هەزار سەربازی نوێی کۆ کردوه‌تەوە بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێ لە یەکەمین ساڵوەگەڕی جەنگەکەدا.

هەروەها نووسیویەتی دۆخەکە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە یەکەم ساڵی جەنگەکەدا ئاسانتر بوو، چونکە پرسەکە بۆ ئەوان تەنیا لە ناردنی چەک و کۆمەک و هەواڵگرییدا قەتیس بووبوو لەگەڵ سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆدا، ئەوەشی دەمایەوە ئۆکرانییەکان پێی هەڵدەستان، ئەوان سوپاکەی پۆتینیان تارومار دەکرد و بەرەو خۆرهەڵاتی ئۆکرانیا دەریاندەپەڕاند.

بە بڕوای فریدمان؛ پوتین بەڕێوەیە بۆ میلیتاریزەکردنێکی سەرتاپایانەی کۆمەڵگەی ڕووسیی، هاوشێوەی ئەوەی جۆزیف ستالین، سەرکردەی یەکێتیی سۆڤێتیی جاران لە سەردەمی دووەمین جەنگی جیهانییدا کردی، هەروەها پوتین لەسەرپێ و ئامادەیە بۆ جەنگێکی درێژخایەن، هەروەکو چۆن ئامادەیە بۆ ئەوەی ڕووسیا بکاتە جێگەیەکی کەمتر ئارام ئەویش لەپێناو خولیا تەقلیدییەکانی بەزلهێزکردنەوەی ڕووسیا کە هێندەی پەیوەستە بە کیبریا و شوناسەوە هێندە وابەستەی ئارامیی و ئاساییش نییە.

ئەم نووسەرە پێی وایە پوتین گرەوی لەسەر ئەوەیە ئەمریکا و خۆرئاوا ماندوو دەبن لە درێژەکێشانی وادەی ململانێیەکە، ئەویش بەرمەبنای ئەو ئاماژانەی لە سەنتەرەکانی توێژینەوە و کۆنگرێسەوە لە هێزە گۆشەگیرخوازەکانی ئەمریکا (بە ڕاست و چەپیانەوە) دەبینرێت.

بەڵام سەرباری ئەو ئاماژانەش، فریدمەن پێی وایە خۆرئاوا لە پشتگیرییکردنی ئۆکرانیا پاشەکشە ناکات جا باجەکەی هەرچییەک بێت، چونکە ئەوان باش دەزانن هەر دانوستانێک کە ڕێ بە مانەوەی سوپای ڕووسیا دەدات لەسەر خاکی ئۆکرانیا بە واتای ئاگربەستێکی کاتیی دێت پێش ئەوەی پوتین دەست بداتە هەنگاوی دواتری.

ئەو نووسەرە جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە سەرەنجام جەنگی ئۆکرانیا جەنگێکە لە لایەن خۆرئاواوە بۆ پاراستنی سیستمی لیبراڵیزمی جیهانگەرا، هەروەها بۆ پاراستنی سیستمەکەیە لە هێرشی ڕووسیی کە لە هەوڵی ڕیشەکێشکردنیدایە. فریدمەن بەشی هەرەزۆری وتارەکەی بۆ پەسندانی سیستمی لیبراڵیزمی جیهانیی هەنووکەیی و بەرگریی لێکردنی تەرخان کردووە، بەو سیستمەش پەسنی داوە کە بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا و زۆرینەی دانیشتووانی جیهانی بەدی هێناوە.

نووسیویەشیەتی کە پارێزگارییکردن لەم سیستمە لیبراڵە ئەو لۆجیکە بنەڕەتییەیە پاڵی ناوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ناتۆ هەتا هاریکاریی کیێڤ بکەن لە هەمبەر داگیرکاریی پوتین، کە ئەو بە یەکەم هێرشی داگیرکاریی لەقەڵەمی داوە لە لایەن دەوڵەتێکی ئەورووپیی لە دژی دەوڵەتێکی دیکەی دراوسێی لەوەتەی دووەمین جەنگی جیهانیی کۆتایی هاتووە.

هەموو ئەوانە فریدمان-یان گەیاندوه‌تە ئەو باوەڕەی جەنگی ئۆکرانیا لە دووەمین ساڵیدا کڵپە دەسێنێت، چونکە نە پوتین و نە وڵاتە خۆرئاواییەکان –لەگەڵیشیاندا ئۆکرانیا- ئامادە نیین هیچ تەنازولێک قبوڵ پێشکەش بکەن و هەمووان سوورن لەسەر هەڵوێستەکانیان، ئەمەش وا دەکات ئەو جەنگە بە شێوەیەکی تۆقێنەر پەرە بسێنێت.



PM:08:29:08/02/2023


ئه‌م بابه‌ته 2592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت