مانگرتنی گشتی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە


وێستگەنیوز_

ئەمرۆ سێ رۆژە مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران درێژەی ھەیە و شەوی رابردووش خەڵکی سنە بە گرتنی رێگەوبانەکان بەردەوامییان بە ناڕەزاییەکانیاندا.

مانگرتنی گشتی خەڵکی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ئەمرۆ سێ رۆژە بەردەوامە و دوکاندار و کاسبکاران بە داخستنی دوکان و بازاڕەکانیان ناڕەزایی خۆیان لەبەرامبەر توندوتیژی و سەرکوتکارییەکان دەردەبڕن، شەوی رابردووش خەڵکی شاری سنە بە گرتنی رێگەوبانەکان بەردەوامییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکاندا.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە درێژەی ھەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و رفاندنی ھاووڵاتیان، دکتۆرە سارا رەشیدی، خەڵکی کرماشان شەوی دووشەممە لەلایەن ھێزە حکومییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بەرەو شوێنێکی نادیار براوە. لە شاری مەلەکشای سەربە پارێزگای ئیلامیش خوشک و برایەک بە ناوەکانی فەریبا باقری و حەسەن باقری لەبەرامبەر پشتیوانی حسێن باقری برایان بۆ خۆپیشاندانەکان بە بارمتە گیراون.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی ھەنگاو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری مھاباد لانیکەم 14 کەس بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەشی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵات گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 448 کەس کە 60ـیان منداڵ و 29ـیان ژنن.


AM:10:59:07/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت