پۆلیسی رەوشت لە ئێران هەڵوەشایەوە


وێستگەنیوز_

پۆلیسی رەوشت 'گشت ارشاد' کە تایبەت بوو بە باڵاپۆشی لە ئێراندا، هەڵوەشایەوە.

ئەمرۆ یەکشەممە 4ـی 12ـی 2022، دوای دوو مانگ و 20 رۆژ لە خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران و کوژرانی زیاتر لە 460 کەس، پۆلیسی رەوشت لە ئێران ھەڵوەشایەوە.

محەمەد جەعفەر مونتەزری، دادوەری گشتیی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ تاوتوێی ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێران بەڕێوەچوو، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھەڵوەشانەوەی پۆلیسی رەوشت رایگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نەبوو، لە کوێ پێکھێنرابوو، ھەر لەوێش ھەڵوەشایەوە.

بەپێی قسەکانی دادوەری گشتی ئێران، تاکو 10 رۆژی تر پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی باڵای کلتووری سەبارەت بە بابەتی حیجاب و باڵاپۆشی رای خۆیان رادەگەیەنن.

لە رۆژی 13ـی ئەیلولی 2022 ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی رەوشت-ی ئێرانەوە دەستگیردەکرێت و دواتر بارودۆخی تەندروستی تێكچوو، دوای سێ رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

پاش ئەو رووداوەش لە رۆژی 16ـی ئەیلولی 2022ـوە دوای بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا ئەمینی، خۆپیشاندان لە 83 شاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان دژی حکومەت و بۆ داواکردنی ئازادیی و دیموکراسیی دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکانیشدا زیاتر لە 460 کەس کوژراون.


PM:01:55:04/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت