وەزارەتی ناوخۆی عێراق: 14 هەزار كەس بەتۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 14 ھەزار كەسیان بە تۆمەتی بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركردووە، ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە زۆربەی بەكارهێنەرەكان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە.

خالید موحەنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیكەی 14 هەزار بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەو هەڵمەتەی هێزە ئەمنییەكان دەستگیركراون و هەڵمەتەكەش بەردەوامە.

بە وتەی ئەو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، چوار هەزار و 500 بەكارهێنەری ماددە ھۆشبەرەكان چارەسەریان بۆ كراوە و هەروەها زۆربەی بەكارھێنەرەكان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ساڵی 2020ەوە نزیكەی 7 هەزار كەس و لەساڵی 2021دا 13 ھەزار بازرگان و بەكارھێنەری ماددەی ھۆشبەر لە عێراق دەستگیركرابوون، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.


PM:05:48:03/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت