بۆ یەکەمجار یەدەگی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاند


وێستگەنیوز_

بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، یەدەگی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و کۆتایی ساڵی داهاتووش دراوی 20 هەزار دیناری دەردەچێت. 
 
ئیحسان یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: "یەکەمینجارە یەدەگی دراوی بانکی ناوەندیی عێراق 90 ملیار دۆلار تێپەڕێنێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ باشبوونەوەی ئابووریی وڵات". 
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتایی ساڵی داهاتوو دراوی 20 هەزار دیناری دەردەچێت کە "بە تایبەتمەندییەکی ئەمنیی بەرز لە چاپ دەدرێت".
 
ئیحسان یاسری ئەوەشی خستووەتەڕوو، بانکی ناوەندی 15 تریلیۆن دیناری لەبەردەستە کە وەک قەرز دەیداتە پڕۆژە پیشەسازییەکان، کشتوکاڵییەکان، پڕۆژەکانی بواری نیشتەجێکردن و بازرگانی.
 
ئاشکراشیکرد، ملیاران دیناریان تەرخانکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە دامەزراوە و پڕۆژە کولتوورییەکان، وەک نۆژەنکردنەوەی شەقامی موتەنەبی لە بەغدا، نۆژەنکردنەوەی کەنیسە و مزگەوت لە چەندین شار. 


AM:11:36:03/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت