سووریا: خەلیفەکەی داعش لەلایەن سوپای وڵاتەکەمانەوە کوژراوە


وێستگەنیوز_

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا رایگەیاند، ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی، خەلیفەی داعش رۆژی 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن سوپای سووریاوە کوژراوە.
 
ئەمرۆ هەینی 2ـی 12ـی 2022، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا- سانا زانیاری لەبارەی کوژرانی ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی، خەلیفەی داعش بڵاوکردەوە کە داعش خۆی رۆژی 30ـی مانگی رابردوو هەواڵی کوژرانی پشتڕاستکردەوە.
 
بەپێی وتەی ئاژانسەکە، خەلیفەکەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی سوپای سووریا بە پشتیوانیی گرووپە خۆجێییەکان لە شارۆچکەی جاسم لە پارێزگای دەرعا لە 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ کوژراوە.
 
ئاماژەی بەوەش، هەر لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەی خەلیفەکەی داعشیش کوژراون. 
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو تیرۆریستە خەڵکی عێراق بووە و سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوەکەی کردووە و بەرپرسی یەکەمی پلانەکانی تیرۆرکردنیش بووە لەناوچەی دەرعا."
 
رۆژی چوارشەممە، 30ـی 11ـی 2022، ئەبو عومەر موهاجیر، وتەبێژی داعش لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە رێگەی تەلەگرامەوە بڵاویکردەوە، ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی لە شەڕدا کوژراوە. 
 
وتەبێژەکەی داعش وردەکاری لەبارەی کات و شوێنی کوژرانی ئەبو حەسەن هاشمی قورەشی نەخستووەتەڕوو، بەڵام وتی "لە شەڕێکی دژی دوژمنانی خودا" کوژراوە.
 
هاوکات هەسەدە رەتیکردەوە هیچ رۆڵیان لە کوشتنی خەلیفەکەی داعشدا هەبووبێت.


PM:05:51:02/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 1908 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت