رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: لەم چەند رۆژەدا 72 کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کوژراون


وێستگەنیوز_هێڤار

هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چڕبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا زۆر چالاک بوون. 

شەوی رابردوو لە هەندێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی مەریوان و دێولان لە پارێزگای سنە و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو. 
 
هەر شەوی رابردوو لە چەند شارێکی ئێران خەڵکی رژانە سەر شەقامەکان، لەوانەش لە شاری ئەندیمشک لە پارێزگای خوزستان، مەشهەد لە پارێزگای خوراسان، زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوجستان، تاران و کەرەج. 
  
سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی هێزەکانی ئەو وڵاتە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە دوێنێ سێشەممە 22ـی 11ـی 2022 رایگەیاند، "لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 72 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە 56 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون."

بەپێی راگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆی گشتی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران گەیشتوەتە 416 کەس، لەو ژمارەیەش 51 منداڵ و 27 ژن لە ناو کوژراوەکاندان.

بەهۆی رەفتاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران، بە تایبەت پاش بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە تەقەی راستەوخۆ لە کەسانی ناڕازی دەکرێت و ژن و منداڵ دەکرێنە ئامانج، هەریەک لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکا و مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داواکارن سزای زیاتر بەسەر ئێران بسەپێندرێت هەتا ئەوکاتەی کۆتایی بە توندوتیژییەکان دەهێنێت. 

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە سویسرا، وتی: کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران توندتر بووە و هەر وەک دەبینین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 400 کەس کوژراون.

هاوکات، رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ھەلیکۆپتەری سەربازیی ئێران بەسەر شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان سوڕاوەتەوە، لە شەقامی مەنگوڕ لە پیرانشار، بەردەوام دەنگی دەستڕێژی ھێزەکانی حکومەتی ئێران بەڕووی خەڵکدا بیستراوە و چارەنووسی چەندین کەسیش لە شارەکانی رۆژھەڵات نادیارە.

لە بەرامبەردا، مەسعود ستایشی، وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندووە، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە، 40 ھاوڵاتی بیانی "تێکدەر و گێرەشێوێن" دەستگیرکراون، رۆژنامەی "جیھان سانات"ی ئابورییش داخراوە، چونکە تۆمەتی ئاڕاستەی ھێزە ئەمنییەکان کردووە.


AM:09:52:23/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت