رێباز حه‌ملان: خۆری ریفراندۆم ھەرگیز ئاوا نابێت


وێستگه‌ نیوز-

 یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی باس له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017 ده‌كات و پێی وایه‌ كه‌ "خۆری ریفراندۆمه‌كه‌ هێشتا ئاوا نه‌بووه‌و به‌یداخه‌كه‌ی به‌ شه‌كاوه‌یی ده‌ه‌مێنێته‌وه‌".

 رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك ده‌ڵێت "خۆری ریفراندۆم ھەرگیز ئاوا نابێت، ریفراندۆم بەری ڕەنج و ئامانجی خەبات و خوێنی شەهیدان و ئەو پێشمەرگانەیە کە بەردەوام لە سەنگەری بەرگریدان، لەلایەن سەرۆک و پێشمەرگەیەکەوە رابەرایەتی کرا کە خەم و مێژووی نەتەوەیەکی هەڵگرتوو گەیاندیە مەنزڵ."

به‌وته‌ی رێباز حه‌ملان، مەسعود بارزانی "وەزیفەی نیشتمانی و نەتەوەیی" خۆی لە ریفراندۆمدا بەجێگەیاند و هه‌روه‌ها "پەیام و خەون و ئامانجی سەد ساڵی شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستانی گەیاندوه‌ بەھەموو جیھان."

‎ "رۆژی خۆی دێت بەیداخی ڕیفراندۆم بە شەکاوەیی دەبێتە چارەنوسی میللەتەکەمان و وەڵامێک دەبێت بۆ نەیارانی و شانازییەکی مەزن بۆ پشتیوانەکانی، دەبێتە رۆژی کەرنەڤاڵی نیشتیمانی بۆ نەوەکانی داھاتوو"، رێباز حه‌ملان وای وتوه‌.

رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ئه‌نجامدرا و به‌پێی ئه‌نجامه‌كانیش 93%ی به‌شداربوانی ریفراندۆم ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان دا، به‌ڵام دواتر حكومه‌تی به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی و په‌رله‌مانی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌لیم جبوری، ژماره‌یه‌ك بڕیاریان له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان دەر‌كرد و ئێواره‌ی رۆژی 29-9-2017 گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی راگیران.

 له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری2017، هێرشی هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی هه‌رێم ده‌ستی‌ پێكرد و دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، هێزه‌ عیراقییه‌كان شاری‌ كه‌ركوك و دوزخورماتوو و داقووقیان كۆنترۆڵ‌ كرده‌وه‌ و ئاڵای‌ كوردستانیان له‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك داگرت و ئاڵای‌ عیراقیان له‌ شوێنی‌ هه‌ڵكرد و له‌وكاته‌شه‌وه‌ راكان جبوری، له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب به‌ وه‌كاله‌ت پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ده‌بات.

 رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 17-10-2017 هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ مه‌خمور، گوێر، شه‌نگال، سنونێ‌، باشیك به‌نداوی موسڵ كشانه‌وه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌، هاوكات هێزه‌ عیراقییه‌كان چوونه‌ ناو خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئاڵای‌ عیراقیان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌ڵكرد.

 سه‌رله‌به‌یانی رۆژی‌ هه‌ینی‌ 20-10-2017 هێزه‌ عیراقییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی چوونه‌ ناو شارۆچكه‌ی پردێ كه‌ له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای كه‌ركوكه‌، پردێ دوا ناوچه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ بوو كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌دا بوو، به‌وشێوه‌یه‌ش سه‌رجه‌م ناوچه‌ كوردستانییه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ ده‌ستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌مان و چوونه‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ عیراق.


PM:08:26:24/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو