پەیامێکی نوێ لە موقتەدا سەدرەوە
موقتەدا سەدر
وێستگەنیوز-
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی نوێی لە تویتەری خۆی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "پێویستە رێکبکەوین لەسەر نەفرەتکردن لە تووندوتیژی لە نێوان موسڵمانان و پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە؛ پێویستە بێ بەڵگە هیچ باوەڕدارێک بە بێباوەڕ ناونەبەین و دەستبەرداری گوتاری تایفەگەری لە راگەیاندنەکان بین".
موقتەدا سەدر، رۆژی هەینی 23 ی ئەیلولی 2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "با پێکەوە بڕیار بدەین لەسەر دیاریکردنی نزیکەی یەک مانگ لە 21ی مانگی سەفەرەوە تاوەکو 17ی مانگی رەبیعی یەکەم بە ناوی رۆژانی یادکردنەوەی پێغەمبەر (د.خ) لەگەڵ بنەماڵەکەی و هاوەڵە چاکەکانی".
موقتەدا سەدر دەشڵێت: "ئەم مانگە بۆ ئەوەیە ببێتە مانگی یەکڕیزی و ئاشتەوایی و پەیڕەوکردنی رێبازی پێغەمبەری مرۆڤایەتی و بەزەیی لە رێگەی چەند خاڵێکەوە".
سەدر لە خاڵەکاندا جەخت دەکاتەوە لەسەر: "رێککەوتن لەسەر نەفرەتکردن لە تووندوتیژی و تووندڕەوی لە نێوان موسڵمانان و پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی دیکە، لەپاڵ بێبەریبوون لە هەموو کەسێک کە سووکایەتی بە ئازادی باوەڕداریی دەکات و هەوڵی بڵاوکردنەوەی شەڕی تایفەگەری دەدات".
لە خاڵێکی دیکەدا ئاماژە دەکات بۆ پێویستی: "وەستاندنی هەموو جەنگەکان و ململانێکان لە نێوان وڵاتانی زۆرینە موسڵمان، تەنانەت هەوڵدان بۆ وەستاندنی هەموو جەنگەکان لە جیهان".
موقتەدا سەدر لە خاڵێکی دیکەدا دەڵێت: "پێویستە دەستبەرداری گوتاری تایفەگەری لە راگەیاندنەکان بین و پەنا بۆ گفتوگۆی ژیرانە و ئەرێنی ببەین لەگەڵ سزادانی هەر کەسێک و کەناڵێکی ئاسمانی کە سەرپێچی ئەمە دەکات جا ئیدی لە هەر ئایینزایەک بێت".
سەدر هاوکات دەڵێت: "با رێکبکەوین لەسەر ناونەهێنانی هیچ باوەڕدارێک بە بێباوەڕ، ئەگەر بە بەڵگەی روون و ئاشکرا نەبێت. هەروەها با رێگە نەدەین ناکۆکییەکان وەکو دانانی نێوچاوان لەسەر توربە [ئەو بەردەی کە باوەڕدارانی شیعە لە کاتی نوێژکردن نێوچاوانیانی لەسەر دادەنێن] و پۆشینی جلی کورت و شانبەشان وەستان لە کاتی نوێژکردن بکرێنە بنەما بۆ بە بێباوەڕ پێناسەکردن".
رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت: "هەموو ئەمانە رەنگە ببنە سەرەتایەک بۆ یەکڕیزی ئیسلامیی راستەقینە و دوورکەوتنەوە لە تووندڕەوی و زێدەڕۆیی؛ ئەمەش هێزە بۆ یەکڕێزیی ئیسلامی دژی دووژمنی هاوبەش کە دەیەوێ لاوازمان بکات و بەدڕەوشتی لە وڵاتانمان بڵاوبکاتەوە لەپاڵ دۆستایەتی لەگەڵ دووژمنانمان".
PM:10:35:23/09/2022
ئهم بابهته 4084
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت