ناوه‌رۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڵاوكرایه‌وه‌

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران

وێستگه‌نیوزـ

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا چه‌ند پرسێكی تاووتوێ كرد و باسی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ به‌غدا و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم كرا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه‌: ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022 ، بە سەرپەرشتی مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

باس له‌وه‌شكراوه‌، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری خستەڕوو.

مه‌سرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هه‌رێم، ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە سەر بنەمای دەستوور.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لەم رووەوە، هەردوولا رێککەوتن لە سەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدرال و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عیراقدا بێت".

پاشان حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیریی و لاوان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و دیدار و کۆبوونەوە و چالاکییەکانیان لەو وڵاتە خستەڕوو.

هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، باسی لە سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ هەریەک لە شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا كرد. ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، "وێڕای دەستخۆشی، لە هەمانکاتدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازیی وڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە کە دەستی پێکردووە و لە هەنگاوە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمە".

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی فیدرال، لە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەو لیژنە یاساییەی بۆ ئەم بابەتە ڕاسپێردراوە. ئەم بڕگەیە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، تێیدا ئاماژە درا بەو بنەما دەستووریانەی هەرێمی کوردستان پشتی پێ بەستوون لە داکۆکیکردن لە دەسەڵات ومافە دەستووریەکانی هەرێم ، هەروەها ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو کە لەمبارەیەوە ئەنجامدراون. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە خزمەتی هەموو لایەک و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.


PM:06:26:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو