سەدر بۆچی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی هەڵوەشاندەوە؟ نهێنییەکانی سەردانی عامری بۆ لای لایەنەکان و دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی چین؟


وێستگەنیوز-

موقته‌دا سه‌در، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای كرد خۆپیشاندانێکی ملیۆنی بکرێت و هه‌موو پارێزگاكانی عێراق به‌شداریی تێدا بكەن. ئامانجیشی گۆڕینی خۆپیشاندانه‌كانی بەردەم پەرلەمان بوو لە "شۆڕشی سەدرییەکان"ەوە کە تەنها نمایندەی یەک حزب دەکات بۆ "شۆڕشی عێراقییەکان" کە نمایندەی هەموو گەلی عێراق دەکات. ‌هەر لەبەر ئەمەش ڕێنماییەکی دەرکرد و بەرزکردنەوەی وێنەی خۆی و باوکی و ناوهێنانی لە کاتی خۆپیشاندانەکان قەدەغەکرد، ئەمەشی بە ئامانجی نەتوانەوەی شوناسی لایەنەکانی تر کرد لەنێو سەدرییەکاندا.  

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە موقتەدا سەدر بۆچی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی هەڵوەشاندەوە؟ وێستگە نیوز لەمبارەیەوە چەند زانیاریەك بڵاودەكاتەوە:
١-سەدربە بەشدارینەکردنی لایەنەکانی دیکە سەرسام بوو، چونکە لە خۆپیشاندانەکانی شەممە، هەموو پارێزگا سوننەكان و هاوپەیمانی سەروەری ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن. هەروەها كوردیش رەتیکردەوە بەشداری بكات. بەشدارینەکردنی سوننە و کورد لە خۆپیشاندانەکاندا مانای ئەوەیە خۆپیشاندانەکان هی گەلی عێراق نین. ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی تشرین و حزبی شیوعی و ڕەوتە مەدەنییەکان ڕەتکردنەوەی بەشداریکردنیان ڕاگەیاند. تەنانەت هۆزە عێراقییەکانیش ڕەتییان کردەوە بەشداری بکەن، جگە لەو هۆزانەی شێخەکانییان سەدری بوون. ئەمەش ئەو ئامانجە نەبوو کە سەدر داوای دەکرد بۆ خۆپیشاندانەکان بۆیە پێویست بە خۆپیشندان ناکات.

٢- هەرچەندە سەدر بەو دواییانە، بە ڕاگەیەندراوێک، هەوڵیدا خۆشەویستی و سۆزی الحشد بەدەست بهێنێت. تەنانەت بەشداری جڤینێکی سیستانی کرد بەمەبەستی دڵنیایپێدانی شوێنکەوتووان و لایەنگرانی. هەروەها لەڕێگەی بەیانێکی درێژ و بەڕێزانەوە، کاری لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆزی لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکرد، و هەوڵی ڕاکێشانیانی بۆ گۆڕەپانی کۆبوونەوەکان و بەدەستهێنانی پێگە و هەڵوێستییان دەدا. بەڵام  هەموو پلاتفۆڕمە (مینبەرە) میدیاییەکانی چوارچێوە بەتەواوەتی پێچەوانەی هەڵوێستەکانی سەدر بوون، نەفرەتییان لە نییەتەکانی سەدر کرد و ئاواتی لەناوچوونییان خواست. ئەمەش یەکێک لە هەرە هەڵە گەورەکانی چوارچێوەیە کە ڕێگرە لە کارلێکردنی شەقامی شیعی لەگەڵ بانگەوازەکانی سەدر.

٣- ئەمە تەنها هۆكار نەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆپیشاندانەكە، بەڵكو یەکێکی تر لە هۆکارەکان گەشتەكەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بوو بۆ لای هێزە سوننە و كوردەكان، کە دەستپێشخەری تێدا بوو لەوانە:

یەكەم: دووبارە دەستپێكردنەوەی كارەكانی پەرلەمان بۆ دەركردنی یاسا و مومارەسەی رۆڵی چاودێریی خۆی،  بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی لە دەرەوەی ناوچەی سەوز.

دووەم: چوارچێوە بەردەوام بوو لە پێکهێنانی حکومەت کە هەموو کورد و هەموو سوننە لەخۆبگرێت، بانگەوازیشی بۆ بەشداریکردنی ڕەوتی سەدر کرد ، و پێکهێنانی حکومەتێکی ئینتقالی کاتی بۆ ماوەی ساڵێک، کە ئەرکی ئامادەکارییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

سێیەم: بانگهێشتکردنی هەموو هێزە سیاسییەکان بۆ دیالۆگێکی نیشتیمانی هەمەلایەنە. هەوڵەکانی عامری وەڵامێکی گەورەی لەلایەن کورد و سوننە و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆی لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەرگرتووە.

بەم شێوەیە ڕەوتی سەدر چیتر نەیدەتوانی بەناوی گەلی عێراقەوە قسە بکات، و هەڵبژاردەکانی خۆی بەناوی خۆیەوە بسەپێنێت، تا ئەو کاتەی هەموو هێزەکانی گەل بەبێ گوێدانە مەزهەبەکانیان، کۆدەنگییەکی نیشتمانییان پێکهێنابێت. ئەمەش ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنیەی کە ئەو بڕوای  بە ناوەڕۆک و ڕۆحیەتی هەبوو بەتاڵ کردەوە.

٤-بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە تا ئێستا پشتڕاست نەكراونەتەوە، دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەللاوی وەزیری دارایی کە دوێنێ سێشەممە پێشكەشی كرد، رەنگە بە رێككەوتنی پێشوەختی چوارچێوە و هێزەكانی تر بێت، وەك ئامادەكارییەك بۆ كاندیدبوونی بۆ سەرۆك وەزیران، وەك كاندیدێك کە لەسەری ڕیککەوتوون بۆ حکومەتی کاتی.

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: وێستگەنیوز-کانی عومەر


PM:03:18:17/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت