براوەیەکی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئاشتی زیندانیکرا


وێستگەنیوز-

میدیاکانی ویلایەتی میانمار ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئابی 2022 بڵاویانکردەوە، دادگای میانمار کە لەلایەن هێزی سەربازییە بەرێوەدەبریت، سزای 6 ساڵ زیندانی دیکەی بەسەر ئانگ سان سوکیدا سەپاندووە، دوای ئەوەی بە چوار تۆمەتی تری گەندەڵی سزا دراوە.

ئاونگ سان سو کی سیاسەتمەدار و دیپلۆماتکار و نووسەرێکی بۆرماییە. لە ساڵی 1991 بووە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی. لە ساڵی 2016 تا 2021 وەک ڕاوێژکاری دەوڵەتی میانمار و وەزیری دەرەوە کاری کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە  ئەوەی ڕاگەیاند، کە ڕۆژی دووشەممەش 15ی ئابی 2022دادگای میانمار بە تۆمەتی گەندەڵی سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاندبوو، بەمەش بەنزیکەی کۆی گشتی سزای زیندانیکردنی بۆ 17 ساڵ دەبات.

شایەنی باسە، سو کی کە لە مانگی حوزەیران تەمەنی بوو بە 77 ساڵ، پێشتر بە چەندین تاوان لە گەندەڵیەوە تا پێشێلکردنی هەڵبژاردنەکان تاوانبار کرابوو وەک خراپ بەکارهێنانی پارەی ڕێکخراوێکی خێرخوازی بۆ دروستکردنی خانوو.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە گروپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکردەکانی جیهان، نیگەرانی خۆیان لە تێکچوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە میانماردەربڕیوە. دادگاییکردنی بەردەوامی سو کییان ڕەتکردووەتەوە و بە نادادپەروەرانەو پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لێی دەڕوانن.


PM:05:41:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 2672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت