چوارچێوەی هەماهەنگی چوار مەرجی هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاشکرای کرد، لە دوا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی عێراق تیایدا دەژی، چوار مەرج دانراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کە ئەمەش داواکاری رەوتی سەدرە.

ئەو سەرچاوەیە بە بەغداد ئەلیەومی راگەیاند، یەکەم مەرج بۆ هەڵوەشادنەوەی پەرلەمان، بوونی حکومەتێکی هەڵبژێردراوە لە پەرلەمانی عێراقەوە، کە بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگیی بێت، هەروەها کۆتایی بە حکومەتی کاربەڕێکەر بهێنرێت.

سەبارەت بە مەرجی دووەمیش، ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند، مەرجی دووەم خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت. مەرجی سێیەمیش بریتیە لە بەستنی دانیشتنێکی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چارەسەرە دەستووری و واقیعییەکان بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنەکان و سنووری حکومەتی ئینتیقالی. مەرجی چوارەمیش خۆی لە کۆدەنگییەکی نیشتیمانیدا دەبینێتەوە بۆ بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە بەپێی کاتی دیاریکراو. 

جێگای ئاماژەیە پێشتر سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، عائد هیلالی رایگەیاندبوو، کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراقی و هیچ پاشگەز نابنەوە و وتی: پێکهێنانی حکومەتێکمان دەوێت، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەخۆ بگرێت، بەبێ پەراویزخستنی هیچ لایەنێک بە رەوتی سەدرییشەوە.


AM:11:13:16/08/2022


ئه‌م بابه‌ته 3180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت