زیانە سەربازییەکانی رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیادا بەژمارە


وێستگەنیوز-

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا، لە 24ی شوباتەوە تا 15ی ئاب واتا دوێنێ، جگە لە تێکشکاندنی ژمارەیەکی زۆر لە تانک و زرێپۆش، تا ئێستا زیانە گیانییەکانی سوپای رووسیا زیاترە لە 43 هەزار سەرباز.

لەو ئامارەی وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاندووە و هیچ لایەنێکی سەربەخۆ پشتڕاستی نەکردۆتەوە، سوپای رووسیا زیاتر لە 43 هەزار سەربازی لەدەستداوە و زیاتر لە 1800 تانک و زیاتر لە 4100 زرێپۆشیش تێکشکێنراوە. هەروەها سوپای رووسیا 1000 تۆپهاوێژ، 261 سیستمی مووشەکهاوێژ، 136 سیستمی بەرگریی ئاسمانی، 233 فڕۆکە و 195 هێلیکۆپتەر تێکشکێنراون.

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا دەڵێت: سووپای رووسیا 787 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، 187 مووشەکی کرۆز، 15 کەشتی و بەلەمی جەنگی و کەرەستەی سەربازیی تر تێکشکێنراون.

لای خۆشییەوە رووسیا ئاماری زەرەر و زیانەکانی بڵاوناکاتەوە. بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکی، کە پێش چەند رۆژێک بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دواون، زیانەکانی سوپای رووسیا رۆژانە 500 سەربازە لە کوژراو و بریندار.

دواین جار رووسیا ژمارەی زیانەکانی راگەیاندبێت، لە مانگی ئاداردا بوو، واتا نزیکەی مانگێک لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەکە و رایگەیاند، 1351 سەربازی رووسی لە جەنگەکەدا کوژراون، بەڵام ئەوکاتە بەرپرسانی ئەمریکی مەزەندەیان دەکرد، کە ژمارەکە نزیکەی 5000 سەرباز بووبێت.

جێگای ئاماژەیە بە وتەی شارەزایان، ئۆکرانیاش زیانێکی زۆری مادی و گیانیی بەرکەوتووە. هەرچەندە ئۆکرانیاش ژمارەکان ئاشکرا ناکات، بەڵام راشیگەیاندووە، کە رۆژانە لەنێوان 100 بۆ 200 سەربازی دەکوژرێت.

بەرپرسان لە ئیدارەی جۆ بایدن و شارەزایانی سەربازیی پێیان وایە، بەرزبوونەوەی ئاستی زیانەکانی رووسیا بەوشێوە ترسناکە، مانای ئەوە دەدات، کە ڤلادێمیر پوتین ناتوانێت یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی لە شەڕەکەدا بەدەستبهێنێت، کە ئەویش دەستگرتنە بەسەر تەواوی  ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا.
 


AM:10:11:16/08/2022




ئه‌م بابه‌ته 2040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت