قادر حەمەجان: ناكرێت هیچ كەسێك لەسەر بیروڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن ڕووبەڕووی لێدان ببێتەوە

‌دیمەنێک لە سەردانی قادر حەمەجان

وێستگەنیوز_

ئەندامێكی ئەنجومەنی بالای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی ڕایگەیاند، ناكرێت هیچ كەسێك لەسەر بیروڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن ڕوبەڕووی لێدان و هێرشكردن ببێتەوە، چونكە هەمیشە جەنابی مام جەلال دروشمی نان و ئازادی لە شاخ بەرزكردبوویەوە.


حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی بالای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی سەردانی حەمەی مانگر، چالاكوانی  سلێمانی كرد، كە شەوی ڕابردوو لە لایەن چەند چەكدارێكەوە هێرشی كرایە سەر و بریندار كرا .

ڕاشگەیاند، هەمیشە جەنابی مام جەلال دروشمی نان و ئازادی لە شاخ بەرزكردبوویەوە، بۆیە ناكرێت هیچ كەسێك لەسەر بیروڕای ئازاد و ڕەخنەگرتن ڕووبەڕووی لێدان و هێرشكردن ببێتەوە.

قادر حەمە جان داوایكرد، كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەی جدی لە ڕووداوەكە بكەن و ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوەكە بۆ ڕای گشتی بڵاوبكەنەوە و ئەنجامدەرانی ئەو كارەش بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەندرێن.


لەبارەی رووداوەکەوە، حەمەی مانگر رایگەیاندووە، "کاتژمێر 8:00ی ئێوارەی رۆژی 26ی حوزەیرانی 2022 بۆ ماڵ دەگەڕامەوە، سێ کەسی دەمامکدار کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندكرۆزه‌رى رەنگ رەشیان پێبوو، هێرشیان کردە سەرم، بەزۆر تەلەفۆنیان پێکردمەوە و هەندێک لە پۆستەکانی فەیسبووکەکەمیان سڕییەوە".

دوای سڕینەوەی بەشێک لە پۆستەکانی، بە وتەی خۆی، سێ کەسەکە پەلاماریان داوە و "بە کەتەر قۆڵ، چاو، روومەت، ئەژنۆم و رانمیان بریندار کرد و سووکایەتییان پێکردم و هەر لەوێدا فڕێیان دام".
 
هەروەها لەبارەی هێرشکارەکانیشەوە وتی، "ناتوانم کەس تاوانبار بکەم، چونکە نازانم کێ بوون." دەشڵێت، "یەکەم منداڵم ناوناوە یەکێتی، دووەم نیشتمانی، سێیەم کوردستان، ئەگەر ئەوەی ئەو کردەوەی ئەنجامداوە یەکێتی بێت، ئەوە وەفایانە بۆ من!"
 
ئەو چالاکوانە دەڵێت، ئەو ئێستا ئەدای یەکێتیی بەدڵ نییە، بۆیە رەخنەیان لێدەگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئاسایشی سلێمانی لە نەخۆشخانە سەردانیان کردم و گوتیان لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەین و لە وردەکارییەکەی ئاگادارت دەکەینەوە".

حەمەی مانگر یەكێكە لە چالاكوانەکانی كوردستان و سلێمانی و بە مانگرەكەی بەردەم نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 1992 دەناسرێتەوە، كە دژی ڕژێمی بەعس وەستایەوە.


PM:10:18:27/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 4852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو