قوباد تاڵەبانی: کاردەکەین لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر


وێستگەنیوز_

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆری کرد و دڵنیاییدا "کار دەکەین لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە". هەروەها گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی دەڵێت، پێداویستیی هاووڵاتییان لە گاز "پارێزراو دەبێت".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیاوەری وەزیرانی پێشمەرگە و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و بەرپرسانی دیکەی ئەمنی، شە‌وی 25 لەسەر 26ی حوزەیران، سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای دانا گاز کۆبووەوە.
 
بە وتەی سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمنیی و بەرهەمهێنانی گاز کراوە. 

بەگوێرەی وتەبێژەکەی، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی داوە "کاردەکەن لەپێناو پاراستنی ژیانی کارمەندانی ناو کێڵگەکە" و ئەوان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان "بە هیچ شێوەیەک رێگرنین لەبەردەم هاتووچۆی کارمەندان و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەسەر خەت دەبن بەمەبەستی بەرگرتن لە روونەدانی ئەو جۆرە هێرشانە." 
 
لەبارەی کاریگەریی هێرشەکان لەسەر بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی و گازی ماڵان، سەمیر هەورامی دەڵێت، "ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەرییان نابێت و کارکردن لە کێڵگەکە ئاساییە.. پێداویستیی هاووڵاتییان پارێزراو دەبێت". 
 
سەبارەت بە رێگەنەدان بە چوونە دەرەوەی کارمەندانی کێڵگەکە، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد، "تەنیا بۆ پاراستنی گیانی کارمەندەکان بووە، ئێستا دۆخەکە ئاساییە و کارکردن و بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بەردەوامیی هەیە".


AM:09:56:26/06/2022


ئه‌م بابه‌ته 1196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو