دادگای فیدڕاڵی عیراق لە ئەندامێتی دوو پەرلەمانتاری‌ دیکە دەکۆڵێتەوە


وێستگه‌نیوزـ

دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵیی عیراق تاوتوێی‌ دوو سکاڵای‌ یاسایی دەکات، کە لەلایەن دوو كاندیده‌وه‌ لە دژی‌ دوو پەرلەمانتاری‌ ئێستای‌ عیراق تۆمارکراون و داوای‌ وەرگرتنەوەی‌ مافی‌ ئەندامێتیان دەکەن.

 
بەگوێرەی‌ خشتەی‌ کاری‌ کۆبوونەوەکانی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی عیراق، ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 17ی‌ ئایاری‌ 2022، دادگاکە لە دوو سکاڵای‌ یاسایی دەکۆڵێتەوە، کە سکاڵاکارەکانی‌ لەسەر دوو پەرلەمانتاری‌ ئێستا و سەرۆکی‌ پەرلەمان و سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ کۆمسیارانی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکان تۆماریان کردوون.
 
سکاڵای‌ یەکەم لەلایەن ئیکتیفا حەسناوی‌، كاندیدی هەڵبژاردنی‌ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عیراق تۆمارکراوە، لە دژی‌ ئەندامێتی‌ خالد عوبێدی‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە هاوپەیمانیی‌ عەزم، کە هەردووکیان لە سنووری‌ پارێزگای‌ بەغدا كاندید بوون.
 
ئیکتیفا حەسناوی‌، كاندیدی هاوپەیمانی‌ فەتح بوو کە یەکێکە لەلایەنە شیعەکان، خالدی عوبێدی‌، وەزیری‌ پێشووتری‌ بەرگریی‌ عیراق لە پێکهاتەی‌ سوننەیە.
 
سکاڵای‌ دووەم، کە بڕیارە لە دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ یەکلایی بکرێتەوە  لەلایەن ئەحمەد بەدری‌، كاندیدی هاوپەیمانی‌ دەوڵەتی‌ یاساوە لە دژی ئەندامێتیی‌ زینە مەعموری‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عیراق لە  فراسیۆنی‌ سەدر تۆمارکراوە.
 
جومانە غلای‌، وتەبێژی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی‌ عیراق بە رووداوی‌ راگه‌یاند: "راوێژکاری‌ یاسایی کۆمسیۆن ئامادەی‌ ئەو دانیشتنەی‌ دادگا دەبێت، بەوپێیەی‌ سکاڵاکە لە دژی‌ سەرۆکی‌ کۆمسیۆن تۆمارکراوە".
 
هەردوو سکاڵاکە پەیوەندیدارن بە کۆتای‌ ژنەوە، سکاڵای‌ یەکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە خالید عوبێدی‌، جێگەی‌ ئیکتیفا حەسناوی‌ گرتووە، کە كاندیدی‌ کۆتایی ژن بووە، سکاڵای‌ دووەم پەیوەندیدارە بەوەی‌ لە بازنەی‌ دووەمی‌ هەڵبژاردنی‌ سنووری‌ پارێزگای‌ واست کۆتای‌ ژنی‌ نەبووە و زینە مەعمووری‌، لە بازنەیەکی‌ دیکەوە دەرچوێندراوە.
 
جومانە غولای‌ دەڵێت: "ئەو هەنگاوە بۆ جێبەجێکردنی‌ یاسای هەڵبژاردنەکان بووە، کە پێویستە هەر بازنەیەک ژنێکی‌ تێدا بێت، کە وەک کۆتا ببێتە ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق جگە لەو ژنانەی‌ کە بە دەنگی‌ خۆیان سەردەکەون بۆ پەرلەمان".
 
تاوتوێکردنی‌ ئەو دوو سکاڵایە لەپاش رۆژێکە لە بڕیارێکی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ بە لێسەندنەوەی‌ مافی‌ ئەندامێتیی‌ پەرلەمان لە مەشعان جبووری‌، ئەندامی‌ هاوپەیمانیی سەروەری‌، کە لەلایەن قوتەیبە جبووری‌، لە دژی‌ تۆمار کرابوو، بەهۆیەوە سکاڵاکارەکەی‌ جێگەی‌ دەگرێتەوە لە پەرلەمان.


AM:11:21:17/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 3376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو