پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەستپێشخەریەکیان راگەیاند

‌فۆتۆ: گێتی

وێستگه‌نیوزـ

پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەستپێشخەرییەکیان بۆ دەربازبوون لە دۆخی ئێستای عیراق راگەیاند و ئاماژەیان بەوە کرد، گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پێکبهێنرێت و داواش دەکەن سەرۆک وەزیران کەسێکی خاوەن ئەزمونی سیاسی بێت و سەربەخۆ و دەستپاک بێت.

پەرلەمانتارە سەرخۆکانی پەرلەمانی عیراق لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئەوەشیان خستەروو، پشنیازی پێکهێنانی کابینەیەکی حکومەت دەکەن کە بتوانێت چاکسازی ئەنجام بدات و رووبەرووی گەندەڵی ببێتەوە.


ئەمە لەکاتێکدایە سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بە میدیاكانی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو: "نوێترین پێشھاتی رەوشی عیراق پێشنیازی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا پێشنیازی خۆیان دەخەنە بەردەم لایەنە عێراقییەکان".

ئه‌وه‌شی وتبوو: "پڕۆژەکەیان بۆ گەیشتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و رزگاری نیشتمانی بە رێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراقەوه‌، بڕیاره‌ پێشنیازی دیکەش لە چەند رۆژی داھاتوودا هه‌بن".  

هاوكات ئه‌مشه‌و موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در رایگه‌یاند: گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لە مێژووی عیراق پێكهێناوە، كە بوه‌تە هۆی تێپەڕاندنی پشك پشكێنە و بۆ ئەوەش پشتی بەخۆی بەستووە نەك لایەنی دەرەكی.

ئاماژەی بەوەكردووە، "لەسەر هەمان بۆچوونی (حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی) پێویستە بژاردەی (ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی) تاقی بكەینەوە، بۆ ماوەیەك، كە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات".

جەختیشی كردوه‌تەوە، "ئەگەر لایەنەكان و كوتلە پەڕلەمانیەكان بەوانەشەوە، كە هاوپەیمانمان بوون توانیان لەو ماوەیەدا حكومەت پێكبهێنن بۆ كۆتایی هێنان بە نەهامەتییەكانی خەڵك، ئەوە بۆ ئەوان و بەپێچەوانەشەوە بڕیاری دیكە دەدەین لەو كاتەدا".

سەدر، بارزانی و  حەلبوسی، وەك سێ براوەی یەكەمی شیعە و كورد و سوننە هاوپەیمانی (رزگاری نیشتمانی)یان راگەیاند، بەڵام جگە لە هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی، وەك سەرۆكی پەرلەمان، نەیانتوانی سەرۆك كۆمار هەڵبژێرن و سەرۆك وەزیرانیش لە پەرلەمانەوە دیاری بكەن.


PM:10:12:15/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 1688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت