پەیکەرێکی ئاڵتونیی بزنەکێوی لە کوردستان دەدۆزرێتەوە

‌وێنەی پەیکەری کەڵەکە، لە مۆزەخانەی هونەرەجوانەکانی بۆستن

وێستگەنیوز_ 

ئەم پەیکەری بزنەکێوییە لە ناوچەی ''گەنجی دارا" لە کرماشان دۆزراوەتەوە، مێژووەکەی بۆ 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەم ناوچەیە یەکەمین شوێنە کە کەڵ و بزنی تێدا ماڵی کرابێت لە تەواوی دونیادا.

پەیکەرەکە وێنەی بزنە کێوییەکە و بزنەکێوی پەیوەندیی بە مرۆڤەوە لەڕێی چەرخی کشتوکاڵ و درووستبوونی گوندەکانەوە هەیە، لە هەندێ ناوچەی کوردستان سابرێن، تەگە، کەڵیشی پێدەگوترێ. 

بزنەکێوی، ئاژەڵێکە سەر بە خێزانی کاوێژکارەکان (Bovidae)ـە، بۆ یەکەمجار لە کوردستان ماڵی کراوە و سوودی لێبینراوە. 

شوێنەوارناسان لەڕێی ئەم دۆزینەوەیە بڕوایان وایە ئەم ناوچەیەی بزنەکێوییەکەی تێدا دۆزراوەتەوە؛ بۆ یەکەمینجار ئاژەڵی تێدا ماڵی کراوە و بزنەکێویش یەکەم ئاژەڵە ماڵی کرابێ. 

سووڕی ژیانی سێکسی بزن و بزنە کێوی، لە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتاکانی مانگی حوزەیراندایە، بەچکەکەی کە پێی دەگوترێ کار یان کارژیڵە، تاوەکو هەفتەیەک لەگەڵ دایکیدا دەبێ و دواتر سەروەختی شیربڕانەوەکەی دایکی لە خۆی دووردەخاتەوە. 

کەڵ یاخوود بزنەکێوی، لەلایەن کوردناس و ڕۆژهەڵاتناسانەوە بە ئاژەڵی سیمبوڵیی کوردستان دادەنرێت و لەنێو ئەدەبی فۆلکلۆریشدا زۆر بەکارهێنراوە؛ هەروەها ئارکیۆلۆجیستەکان زۆرێک لە پەیکەر و کاری هونەرییدا کەڵ یان بزنەکێوییان دۆزیوەتەوە؛ لە نێو ئەدەبی کوردیدا هێمای بەهێزی و دەسەڵاتە. 

پەیکەرەکە، لە مۆزەخانەی هونەرەجوانەکانی بۆستندا هەڵگیراوە، هەروەها پاش لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3500–2700 ساڵ پێش زایین، کە دەکاتە نزیکەی 6 هەزار ساڵ لەمەوبەر. 

سەرچاوە: ١/مۆزەخانەی هونەرەجوانەکانی بۆستن. ٢/سایتی kurdistanica. 


PM:04:48:15/01/2022


ئه‌م بابه‌ته 11508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو