مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پرسێك كۆده‌بێته‌وه‌

‌فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و بەرپرسێکی ئه‌و حزبه‌ش دەڵێت، یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و پرسی كه‌مبوونه‌وه‌ی دوو كورسی حزبه‌كه‌یانه‌.


بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند: "بڕیارە ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی کۆببێتەوە، کۆبوونەوەکەش لەبارەی رەوشی گشتی و قۆناغی ئێستایە، چونکە ھەموو رۆژانی پێنجشەممە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان بەڕێوە دەچێت و هەفتانە لەبارەی تەوەری جیاواز کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت".

وتیشی: "یەکێک لە تەوەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی پارتیمان، بابەتی ئەنجامی ھەڵبژاردن و بردنی دوو کورسیی پارتییە لە سنووری ھەولێر و نەینەوا، مەکتەبی سیاسی ئەمڕۆ رێوشوێنی تۆمارکردنی سکاڵا دەگرێتە بەر".

بڵند ئیسماعیل باسی له‌وه‌شكرد: "ئەو دوو کورسییە پارتی بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و پێویستە بگەڕێندرێنەوە، چونکە پێشتر برادەرانی یەکێتی لە ھەولێر سکاڵایان ھەبوو لەسەر ئەو بازنەیە و دوای ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست، ئەنجامەکان ھاوشێوەی ئەلیکترۆنی دەرچوون".

دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقه‌وه‌، پارتی له‌ هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا دوو كورسی له‌ ده‌ستدا و له‌ به‌رانبه‌ردا ئه‌و كورسیانه‌ بۆ یه‌كێتی رۆیشتن، به‌مه‌ش ژماره‌ی كورسییه‌كانی پارتی بۆ 31 كورسی كه‌می كردو ژماره‌ی كورسیه‌كانی یه‌كێتیش گه‌یشته‌ 19 كورسی.

پێشتر به‌رپرسانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایانگه‌یاندبوو، كه‌ له‌ هه‌ولێر و نه‌ینه‌وا ساخته‌كاری كراوه‌ و سكاڵایان تۆمار كردووه‌.


PM:12:02:02/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت