ئاژانسێک: هێزێکی تاڵیبان دیواربەندەکانی ئێران-ی بەزاند

‌دیمەنێک لە پێکدادانەکان

وێستگەنیوز_

ئاژانسی میهر بڵاویکردەوە، "چەند چەکدارێکی تاڵیبان لە ناوچەی کانگی پارێزگای نیمروز دیواربەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەگەڵ ئەفغانستان بەزاندووە و بەوهۆیەوە ڕووبەروبونەوە روویداوە".


ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە، ئاژانسی میهر کە بارەگای سەرەکی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانە بڵاویکردەوە، " لە ناوچەی کانگی و لەسەر سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتی ئەفغانستان شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و تاڵیبان ڕوویداوە و تۆپ و هاوەن بەکارهێندراوە".

ئاژانسەکە دەڵێت، "بەهۆکاری ئەوەی ئەو چەکدارانەی تاڵیبان ئەو دیواربەندانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەزاندووە و هاتوونەتە نێو زەویی جوتیارانی سنوورەکە، کە ئێران دیواربەندەکانی بۆ ڕێگەگرتن لە دیاردەی قاچاخچێتی و بازرگانی نایاسایی دروست کردوون، بەوهۆیەوە ژمارەیەک پاسدار رووبەرووی هێزەکەی تاڵیبان بوونەتەوە".

هاوکات ماڵپەری ئەلعەرەبیە بڵاویکردۆتەوە، بەپێی قسەی خەڵكی ناوچەكە، بزووتنەوەی تاڵیبان داوای لە دانیشتووانی ناوچەكە كردووە بەپەلە خانووەكانیان جێبهێڵن، لەوكاتەی پاڵپشتی زیاتری سەربازی گەیشتووەتە سنوورەكانی ئەفغانستان و ئێران.

هەروەها، چەند پێگەیەکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، باسی ئەوەیان كرد كە چەكدارانی بزووتنەوەكە كۆنترۆلی ژمارەیەك خاڵی پشكنینی سەربازی سەر بە پاسەوانانی سنووری ئێرانیان كردووە.

بزووتنەوەی تاڵیبان لە 15ی ئابی ئەمساڵ كۆنترۆلی كابولی پایەتەختی ئەفغانستانی كرد، ئەوەیش دوای كشانەوەی سەربازیی ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆ، كە ماوەی 20 ساڵ لەووڵاتە بوون، بەهۆی كشانەوەی ئەوانیش حكومەتی ئەفغانستان نەیتوانی خۆی رابگرێ و تەواوی وڵاتەكە بە دۆڵی پانجشیریشەوە كەوتە دەستی بزووتنەوەكە.


PM:07:09:01/12/2021


ئه‌م بابه‌ته 12304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت