سه‌رۆك كۆماری عێراق و نێرده‌ی سه‌رۆكی روسیا كۆبونه‌وه‌: پێویسته‌ گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌

‌د. بەرھەم ساڵح و میخائیل بۆگدانۆڤ

وێستگه‌ نیوزـ

لەمیانی پێشوازیکردنی لە نێردەی سەرۆکی روسیا، سەرۆک كۆماری عێراقجەختیکردەوە لە پێویستی پشتیوانیکردن لە کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیری عێراق.

عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2021 د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست لە سەرجەم بوارەکاندا و هەماهەنگی لەبواری ئاسایش و بەرگری و ئابوری و بازرگانی و کەلتووری لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هەردوو وڵات و گەل.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا بەگرنگییەوە باس لە کارە ھاوبەشەکانی لیژنەی عێراق و روسیا و بە دواداچوون بۆ رێککەوتننامە و لێکتێگەیشتنەکان کرا کە واژۆ کراوە، سەبارەت بە گۆڕانکاریییەکانی ناوچەکە د.بەرهەم جەختیکردەوە لە پێویستی پاراستنی دیالۆگ و بەیەکگەیشتن لە بارەی دۆسییەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی بارگرژییەکان و پێکەوە کارکردن بۆ بەگژاچوونەوەی ئاڵینگارییەکانی تیرۆر و ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق دووپاتیکردەوە کە عێراق ھەنگاو دەنێت بە ئاڕاستەی پەیوەندی هاوسەنگ بۆ پشتیوانیکردن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و عێراق و گەڕانەوەی رۆڵی گرنگی عێراق روەو پتەوکردنی ھەماھەنگی ئابووری و بازرگانی و دەرفەتی گەشەپێدان.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا میخائیل بۆگدانۆڤ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق دوپاتکردەوەو جەختیکردەوە لەپتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، و ئاماژەشیکرد بۆ رۆڵی گرنگی عێراق لە گۆڕەپانی ناوچەکەدا.


PM:06:34:30/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 3168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت