باوکێک لەکاتی‌ فرۆشتنی‌ دوو کچە ناکامەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا


وێستگە نیوز ـ
ئاژانسی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ بۆ کاروباری‌ پۆلیس دەستگیرکردنی‌ پیاوێکی‌ راگەیاند کە بەنیازبوو دوو کچە ناکامەکەی‌ بەرامبەر بە پارە بفڕۆشێت بە هاوڵاتییەکی‌ هەرێم.


ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تشرینی دووه‌م، ئاژانسی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ بۆ کاروباری‌ پۆلیس راگەیەندراوێکی‌ بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی‌ بەوە کرد کە "لەیەکێک لە سه‌رچاوه‌ نهێنییەکانیانەوە زانیارییان بەدەستگەیشتووە کە پیاوێک لەبەرامبەر وەرگرتنی‌ نۆ ملیۆن دیناری‌ عیراقی‌ دەیەوێت دوو کچە ناکامەکەی‌ بفرۆشێت بە کەسێک لە هەرێم".

بەگوێرەی‌ راگەیەندراوەکە، "لەلایەن تیمێکی‌ تایبەت بە فەرمانگەی‌ قەڵاچۆکردنی‌ بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەست بە لێکۆڵینەوە کرا".

ئەوەش روونکراوەتەوە، "بەهەماهەنگی‌ لەگەڵ سه‌رچاوه‌كه‌ و پشتڕاستکردنەوەی‌ زانیارییەکان لە بۆسەیەکدا تاوانبارەکە دەستگیرکرا و پرۆسەی‌ فرۆشتنەکە پوچەڵ کرایەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "لە لێکۆڵینەوەدا تاوانبار دانی‌ بە تاوانەکەیدا ناوە و دانی‌ بەوەشدا ناوە کە پێشتر لەدوای‌ تێپەڕینی‌ چەند کاتژمێرێکی‌ کەم بەسەر لەدایکبوونی‌ کوڕێکیدا بە هەمان کەسی‌ هەرێمی‌ فڕۆشتووە".


PM:04:00:30/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 1816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت