وەزیری ناوخۆ: رووداوەکانی سلێمانی و رانیە دەبێت لێکۆڵینەوەی جدییان لەسەر بکرێت

‌رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان

وێستگەنیوز-

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان باوەڕی وایە "ئەو روداوانەی لەسلێمانی دەگوزەرێت بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی رانیە، هەموو پێویستی بەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر بکرێت، چونکە ئێمە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکین".

رێبەر ئەحمەد لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا کە پەیامنێری وێستگەنیوز ئامادەی بوو سەبارەت بە دۆسیەی کوژرانی موڕاد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی لە شەوی 25ی ئەم مانگەدا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو روداوانەی لەسلێمانی دەگوزەرێت بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی رانیە، هەموو پێویستی بەوەیە کە لێکۆڵینەوەیەکی جدی لەسەر بکرێت، رەنگە هەرکامێک لە ئێوەی رۆژنامەنوسان پرسیاری گرتن و توندوتیژییتان هەبێت، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکین".

باسی لەوەشکرد، "بەگوێرەی یاسا هەموو کەسێک مافی خۆپیشاندانی هەیە، بەڵام خۆپیشاندانیش رێکار و شێوازی خۆی هەیە و دەبێت مۆڵەتی هەبێت ، هەروەها کەسانی تێکدەر لەناو خۆپیشاندانەکانی سلێمانی هەبوون و ئێمە دژی هەموو توندوتیژییەکین لەناو خۆپیشاندانەکان، بۆیە لێکۆڵینەوە لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەردەوامە و ئەوانەی زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە، رێکاریی یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر".

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستەڕو، "سوتاندنی کتێبخانە و دەزگا حکومییەکان هیچ پەیوەندی بە خۆپیشاندانەوە نییە و داواکاری خوێندکارانیش نییە بۆ دەرماڵە ودەستێکی سیاسی تێکدەری لەپشتەوەیە، بۆیە لێکۆڵینەوە دەکرێت لەهەر توندوتیژییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر هەر کەسێک بکرێت".

لەبارەی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکانیش وتی، "لە هەرێمی کوردستان مەترسی تیرۆر و داعش ماوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەزگا زانیاریی وهەواڵگرییەکان پشتڕاستکراوەتەوە و لەخۆوە نیە."

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (25ی تشرینی دووەمی 2021) عەمید موراد عەبدولڕەحمان عەوڵا، ناسراو بە موراد کانی کوردەیی و سێ لە پاسەوانەکانی بە ناوەکانی خۆشناو وەیسی، سەرکان فاخیر خەتی و هاوکار نازم، لەسەنتەری شاری رانیە لەلایەن هێزێکەوە تەقەیان لێکرا و بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

وێستگەنیوز ئێوارەی پێنجشەممە دیمەنی یەکەمین ساتی تەقەکردن لە عه‌قید موراد كانی كورده‌یی فەرماندەیی سەربازی یەکێتی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی وێنەکان و ڤیدیۆکانیش ئۆتۆمبێلی ناوبراو لەبەردەم بانکی ڕانیە تەقەی لێکراوە.

رۆژی دوای رووداوەکەش بنه‌ماڵه‌ی موراد كانی راگەیەندراوێکیان لە بارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، عەمید کانی کوردەیی دوای ئەوەی تەقەی لێکراوە و بریندارکراوە، بە برینداری رفێندراوە، دواتر "لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە"،  بۆیە تۆمەتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم رەتدەکەنەوە و "تا ئەوکاتەی بڕیاردەر و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن و رادەستی یاسا نەکرێن، پرسە بۆ شەهیدەکانمان دانانێین."

هـ.هـ


AM:10:44:30/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 25424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو