سێ سەرۆکایەتی لە عیراق بە نھێنی نامەیەکیان ئاراستەی سەدر کردووە


وێستگه‌ نیوز ـ
ھەریەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عێراق نامەیەکیان بەنھێنی ئاراستەی موقتەدا سەدری سەرۆکی رەوتی سەدر کردووە و تیایدا دوایان لیکردووە رازیبێت بە پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای سازان"تەوافوقی".


ئەمڕۆ ھەینی، ماڵپەڕی ئەخبار ئەلخەلیج لە زاری سه‌رچاوه‌یه‌کی عیراقییەوە بڵاویکردەوە، ھەریەک لە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری عیراق نامەیەکی نھێنییان بە واژۆی ھەرسێکیان ئاڕاستەی موقتەدا سەدر، رێبه‌ری رەوتی سەدر کردووە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژەی بەوەشداوە، ناوەرۆکی نامەکە بریتی بووە لەوەی ھەرسێ سەرۆک داوایان لە موقتەدا سەدر کردووە رازیبێت بە پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای سازان "تەوافوق".

دەشڵێت، تا ئێستا سەدر وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە، بەڵام لە رێگەی میدیاوە ئاشکرای کردووە بەھەموو شێوەیەک بەشداری لە حکومەتێکدا ناکات لەسەر بنەمای سازانبێت، بەڵکو حکومەتی زۆرینە پێکدەھێنێت.

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، سەدر ئاشکرای کردووە، ئەوان ئەزمونی حکومەتی بنکەفراوانییان ھەیە کە جگە لە گەندەڵی ھیچی تری لێبەرھەم نەھاتووە.

دەشڵێت، سەدر باسی لەوەکردووە کە ئامادەنیە "بۆنەکان تێکەڵ بکات" و لەم رێگەیەوە رەوت و گروپە شیعییە دۆڕاوەکان بێنێتەوە ناو حکومەت.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عیراق کۆتاییھاتنی جیاکردنەوە و ھەژمارکردنی دەستی ئەو وێستگانەی راگەیاند کە لەلایەن قەوارە و گروپەکانەوە تانەیان لێدرابوو و کۆمسیۆن ئاشکراشی کرد ئەنجامەکان بەراوردی ئەنجامە ئەلیکترۆنییەکان کراون و بەڕێژەی 100٪ ھاوتابوون.



AM:09:45:26/11/2021


ئه‌م بابه‌ته 1208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت