کۆمیسیۆن: لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەندرێت


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، "ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە میانی 24 کاتژمێردا، رادەگەیەندرێت".

جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، "کۆمیسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان تەواوکردووە لەوانە؛ نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، ناوی کاندیدان، ئەنجامدانی سێ تاقیکرنەوە بۆ ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان، راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق".

سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەی باڵای ئەمنی ھەڵبژاردنەکان، ئامادەکارییەکانی بە ئامانجی پاراستنی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگداندا تەواوکردووە.

جەلیل عەدنان باسی لەوەشکردووە، لەبەر چەند ھۆکارێک، ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو جیاوازترە و وتیشی، "کۆمیسیۆن پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان".

لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەشەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران ئەوەی خستەڕوو، "دوای تەواوبوونی پڕۆسەی دەنگدان لە میانی 90 خولەکدا، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگاکانەوە دەگاتە نووسینگەی نیشتمانیی و دواتریش ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان لە میانەی 24 کاتژمێردا، رادەگەیەندرێت".

بڕیارە لە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیش جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەکاتی خۆیدا و تەواوبوونی هەموو ئامادەکارییەکان دەکەنەوە.


PM:02:19:23/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 1828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو