به‌رهه‌م ساڵح و وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک كۆبوونه‌وه‌

‌دیمەنێک لە دیدارەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عیراق لە نیویۆرک لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیکرد لە ئەمیر عەبدولھەیان، وەزیری دەرەوەی ئێران.



به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ و پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکان و پتەوکردنی ھاریکاری ئابووری و بازرگانی لە نێوان عیراق و ئێران و کاراکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوولا.

به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆک کۆمار رایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئێران گرنگی ھەیە بۆ ھەردوو وڵات و گشت ناوچەکە، ھەروەھا ئاماژەی بەهەوڵەکانی عیراق کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و مسۆگەرکردنی ئارامی ناوچەکە.

ھاوکات سەرۆک كۆمار رایگەیاند: عیراق کار دەکات بەئاڕاستەی ئەوەی عیراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندی گەلان لەپێناو کارکردن و هەماهەنگی هاوبەش بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و قەیرانی تەندروستی و هەڕەشەی گۆڕانی کەشوھەوا، ھەروەھا جەختیکردەوە کە ئاسایش و ئارامی عیراق بنەمایەکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیە.

لای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و ئارامی عیراق دووپاتکردەوە، ھەروەھا جەختیکردەوە کە ئێران چاوی لەپتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھاریکاری ئابووری و بازرگانییە لەگەڵ عیراق، ھەروەک بەگرنگییەوە باسی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عیراق کرد بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.


PM:12:12:23/09/2021










ئه‌م بابه‌ته 2236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو